مێردمنداڵێك لە نێو بارەگایەکی پەکەکە گیانی لەدەست دا

بە هۆكارێكی نادیار مێرمنداڵێكی تەمەن 16 ساڵ لەناو بارەگای پەكەكە کوژرا، پێشتر كەسوكاری مێرمنداڵەكە چەند جارێك داوایان لە پەكەكە كردبوو پێیان بداتەوە.

به‌گوێڕه‌ی زانیارییه‌كانی ده‌ست ده‌زگایی میدیایی (خواكوڕك) كه‌وتوون، شەوی ڕابردوو مێرمنداڵێكی لەدایكبووی ساڵی 2004 لە سنووری شارەدێی قادر كەرەم، بە كوژراوی لەناو بارەگای پەكەكە دۆزراوەتەوە.

لە زانیارییەكانی ده‌زگایی میدیایی خواكوڕك ئاشكرا كراوە، كەسوكاری ئەو مێرمنداڵە پێشتر دووجار سەردانی پەكەكەیان كردووە بۆ وەرگرتنەوەی منداڵەكەیان و لەلایەن چەند رێكخراو و كەسایەتییەكیش هەوڵی وەرگرتنەوەیان داوە، بەڵام پەكەكە ئامادە نەبووە پێیان بداتەوە.

بەرپرسانی پۆلیسی چەمچەماڵیش ئاشكرایان كردووە، شەوی رابردوو لە سنووری قادر كەرەم مێرمنداڵێكی تەمەن 16 ساڵان لە ناو بارەگایەكی پەكەكە گیانی لە دەست داوە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پۆلیسی چەمچەماڵ، بەپێی لێکۆڵینەوەکان و هەروەها بە قسەی هاوڕێکانی مێردمنداڵەکەش لە نێو پەکەکە، مێردمنداڵەکە فیشەکی لەدەست دەرچووە و بەر خۆی کەوتووە.

پێشتریش فەرماندەیەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بازیان ئاشکرای کردبوو کە کچەکەی پاش ئەوەی چووەتە قەندیل، گیانی لەدەست داوە. بەڵام لەگەڵ نووسینەکەیدا لە (فەیسبووک)، فەرماندەکە وێنەی کچەکەی بڵاو کردبووەوە کە بە ڕوونی دیاربوو، تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵییەوەیە.

 

Back to top button