پارێزگاری هەولێر: سبەی دەست دەکرێت بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی ۷۰ قەرەوێلەیی تایبەت بە کۆرۆنا
دوای ئەوەی پارێزگای هەولێر قەدەغەی هاتووچۆ وژمارەیەک رێککاری توندی بۆ ڕێگری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتەبەر لە چوارچێوەی رێککارەکان پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند کە، لە رۆژی دووشەممەوە دەستدەکرێت بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کۆرۆنا لە هەولێر کە 70 قەرەوێڵە لەخۆی دەگرێت و بە هاوکاری کۆمەڵێک سەرمایەدار و رێکخراوی خێرخوازییە.
د.فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەانیدا رایگەیاند، سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی خەڵکی شاری هەولێر دەکەین کە لە ماوەی رابردوودا هاوکارمان بوون، هەروەها سوپاسی هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی تەندروستی و هەموو ئەو لایەنانەی دیکە دەکەین کە هاوکارمان بوون لە بڕیاری قەدەخەکردنی هاتووچۆ.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بۆ بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆلەوماوە درێژکراوەی داهاتوو دەسەڵات بە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگا دراوە پێداویستیەکان بۆ هاووڵاتیان دابیبکات
پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند کە “ئێمە وەکو ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، لەگەڵ قایمقامییەتی هەولێر، پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتووچۆ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی کۆبووینەوە بۆ ئەوەی بڕیاربدەین کە سبەی چ شوێنێک بکرێتەوە بۆ ئەوەی سوودی لێوەربگیرێت”.
هەروەها رایگەیاند کە نانەواخانەکان و بەشی خواردەمەنی مارکێتەکان بەکراوەی دەمێننەوە بۆ هاوڵاتیانی نزیک لەو شوێنە لە ژێر چاودێری پزیشکی، هەروەها ئۆتۆمبێلی غاز و سەوزەو میوەو ئەو ئۆتۆمبێلانەی خواردەمەنی بۆ پەلەوەر و ماسیەبەخێوکراوەکان دابین دەکەن دەتوانن کارەکانیان درێژە پێ بدەن.