لە 72 كاتژمێری داهاتوو بزانە پارێزگای هەولێر بەنیازی چ كارئاسانیەكە بۆ هاوڵاتیان

لەراگەیاندراوێكدا پارێزگای هەولێر رایگەیاندووە، لە ماوەی 72 كاتژمێر داهاتوو كارئاسانیەكی زۆر بۆ خەڵكی شاری هەولێر دەكەین”.

هەر لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە” هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەکەینەوە، لەڕۆژی دووشەممە 2020.3.16 بۆماوەی (72) کاتژمێری دیکە ڕاگرتنی هاتو و چۆ لەتەواوی سنوری پارێزگای هەولێر بە سەرجەم قەزاکانیەوە درێژکرایەوە، جگە لە تیمە تەندروستییەکان، دیپلۆماتکاران، رێکخراوەکان و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، کۆمپانیاکانی سوتەمەنی نەوت و غاز، هێزە ئەمنییەکان و بازرگانەکان و ڕاگەیندکاران.

دەقی راگەیاندراوەكە…

پارێزگای هەولێر ڕێوشوێنی پێویست و کارئاسانی بۆ هاوڵاتیان لەماوەی (72) کاتژمێری داهاتوو دەخاتەڕوو
1-هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەکەینەوە، لەڕۆژی دووشەممە 2020.3.16 بۆماوەی (72) کاتژمێری دیکە ڕاگرتنی هاتو و چۆ لەتەواوی سنوری پارێزگای هەولێر بە سەرجەم قەزاکانیەوە درێژکرایەوە، جگە لە تیمە تەندروستییەکان، دیپلۆماتکاران، رێکخراوەکان و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، کۆمپانیاکانی سوتەمەنی نەوت و غاز، هێزە ئەمنییەکان و بازرگانەکان و ڕاگەیندکاران.
2-لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بۆ کار ئاسانی هاوڵاتیانی سنوری پارێزگاکەمان، سەمۆنخانە و نانەواخانەکان، سوپەر مارکێت و بازاڕەکانی تایبەت بە خواردەمەنییەکانی نێو مۆڵەکان و بەنزینخانەکان کراوە دەبێت بەپێی ئەو مەرجە تەندروستیانەی لای خوارەوە:
-دەبێت کرێکارانی فرنەکان (سەمونخانە و نانەواخانەکان) دەست کێش و دەمامک بەکار بهێنن، ئەو کەسەی کە پارە وەردەگرێت، نابێت نان یان سەمون بدات بە هاوڵاتیان، دەبێت جیابکرێنەوە.
-سەبارەت بە مۆڵ و مارکێتەکان، بە هەمان شێوە، خاوەن و کرێکارەکانیان دەبێت دەمامک و دەست کێشی تەندروستی بەکار بهێنن و بە بەردەوامیش سەلەکانی گواستنەی کەل و پەلی کڕیارانیان بە (معەقەمی) دژە ڤایرۆس بڕشێنن.
-لەبارەی بەنزینخانەکانەوە، کرێکارانیان بەهەمان شێوە دەبێت دەست کێش و دەمامک بەکار بهێنن، ڕێگە نەدەن بۆ بەنزین شۆفێر لە ئۆتومبیل دابەزێت، کرێکاران خۆیان بە ئەرکەکە هەڵسن.
3- گومرگی سەوزە و میوە کراوە دەبێت و رێگە دەدرێت بە ئۆتۆمۆبێلی فرۆشی میوە و سەوزە لە گەرەکەکان، ھەروەھا گۆشتگەی (ئاژەڵ و پەلەوەر) بە رێکاری تەندروستی تایبەت، کراوە دەبن.
4-سەرجەم ڕێستورانت و چێشتخانەکان کراوە دەبن، بە پابەندبوون بە بڕیاری پێشووی پارێزگا، تەنها بۆیان هەیە خواردن بە گەیاندنی(سەفەری-دلیڤەر)ی بفرۆشتن.
5-داوا لە هەموو دەزگا و ڕێکخراو و کەسایەتییە خێرخوازەکان دەکەین، بە هۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی کە لەم ماویەیەدا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتۆتە پێش و بۆتە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆری هەژار بێ کار و کەسابەت بمێنێتەوە، داوایان لێدەکەین بە ئەرکی مرۆیی و نیشتمانیی و ئاینیی خۆیان هەڵسن و کۆمەک و هاوکاریی و خواردن بگەێنن بە خەڵکی کەم دەرامەت و هەژار، هەر یارمەتی و کۆمەکێک لەژێر سەربەرشتی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر دەبێت و لە قەزاکانی دیکەش بەڕەزامەندی و سەرپەرشتی قایمقام دەبێت، هەروەها هێڵێکی گەرم دادەنرێت کە لەبەیانییەوە 2020.3.16 کاتژمێر 12ی نێوەڕۆ کارا دەبێت بۆ ئەو هاوڵاتیانەی پێویستن، دەتوانن پەیوەندی بکەن بە ژمارەی (07502061515) بۆئەوەی پێداویستی خوارکیان پێبدرێت لە ڕێگەی ئەو لێژنەیەوە کە دیاریکراوە.
6-ئەو ئۆتۆمبێلانەش کە ڕێگە گرتن نایانگرێتەوە و ڕێگە پێدراون بەمشێوەیە دەبێت:
(ئوتۆمبێلی فرۆشتنی غازی ماڵان لەگەڕەکەکان، تەنکەری گواستنەوەی گازی مولیدەکان، ئۆتۆمبێلی ئەو کۆمپانیانەی کەل و پەل و خوراک بۆ مارکێتەکان دەگوازنەوە، تەنکەری زێراب، هەروەها ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە نەخۆشی(شێرپەنجە و شوشتنی گورچیلە و نەخۆشی بەپەلەیان هەیە بۆ نەخۆشخانەکان).
هاوڵاتیان و هاوشاریانی سنووری پارێزگای هەولێر دڵنیا دەکەینەوە، شەو و بەڕۆژ هەموو توانای خۆمان خستۆتەگەڕ لەپێناوی ئەوەی هاوڵاتیان و هاوشاریانی خۆمان لە شارەکەمان پارێزراوبن، بۆ ئەو مەبەستەش لەسنوری پارێزگاکەمان تاوەکو ئێستا (18) شوێن دابینکراوە بۆ کەرەنتین، لەیەکەم ڕۆژیشەوە واتا لە 2020.2.20 تاوەکو ئەمڕۆ (1936) کەس کەرەنتین کراون، لەو ژمارەیەش (1195) کەس دەرچوونە لەکەرەنتین و گەڕاوەتە ناو ماڵ و خێزانی خۆیان، ئێستاش (741) کەس لە کەرەنتین ماون، ئەوەش بە واتای ئەوەی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە 51%ی ڕێژەی کەرەنتین لە سنوری پارێزگای هەولێر ئەنجامدراوە، هەروەها لەسەرەتای ڕۆژانی یەکەمەوە لە 2020.2.25 تاوەکو ئەمڕۆ (801) نەخۆش پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆکراوە، لەو ژمارەیەش تاوەکو ئەو ئێستا (9) کەسیان پۆزەتیف بوونە، واتا هەڵگری ئەم ڤایرۆسە بوونە، دووبارە دڵنیاتان دەکەینەوە، بەهەموو شێوەیەک لە هەوڵەکانمان بۆ خۆپارێزی و پاراستنی ئاسایشی تەندروستی هاوڵاتیانمان بەردەوامین و پارێزەری هاوڵاتیان و هاوشاریانی خۆمانین، لەگەڵ ئەوەشدا داواکارین هاوڵاتیان پابەندبن بە بڕیار و ڕێنماییە تەندروستیەکان و ئەو چەند رۆژە بەرگە بگرن و گەشت و سەیران ئەنجام نەدەن و خۆیان بپارێزن لە کۆبوونەوە و قەرەباڵغی و لەماڵەکانیان بمێننەوە.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر
2020.3.15
Back to top button