جیهـان وەك بلقێکی ئـاوە 

ئـا : سەباح ئـاودەل
کۆرۆنـا خۆبەزل زانی مرۆڤی تێکشکانـد و بێ دەسەڵاتی و تـوانایی و هەرزەیی ئێمەی نیشـان دا ،
ڤایرۆسێکی بچـوك لەخۆبای مڕۆڤی ڕوخانـد و ئەو شارستانیەتەی کە تەمەنی حەوت هەزار ساڵـە بووەتە مایەی پێکەنین .
چەند درۆمان لەگەڵ یەکتر دەکرد ؟ چەند دەوڵەمەند هەبووە دزی لە هەژارەکان کردووە ؟ چەند شانازیمان بە ناو و نازناوەکانمان دەکرد ؟ خۆمان بە ژیرتـر و بەهێزتـر و شایستەتـر دەزانی لە نێو هەموو گیان لەبەرەران ، بەڵام ئـەمڕۆ وەك گیان لەبەرێکی بێ دەسەڵات و بێ ئومێد دیار کەوتین و بەڕاستی مایەی بەزەیـین ،
کـوانـن ووڵاتـانـی 20 ؟
جیهانی یەکەم لە کوێـن ؟
زلهێزی ئەمریکا و ئـۆرووپا و ڕووسیا و یابان و چیـن لە کـوێـن ؟
کـوانـن زانکۆکـان و ناوەندەکانی توێژینەوە ؟
پاڵەوانـانی نـۆبڵ بۆ دیـار نیـن ؟
سەرۆك وەزیرانی بەریتانیای مەزرن داوا لە هاوڵاتیانی دەکات خواحافیزی لە خۆشەویستانیان بکەن ،
سەرۆكی ئەمریکا گەشتە ئاسمانیەکانی ووڵاتەکەی لەگەڵ هەموو جیهان داخست ،
سەرۆك وەزیرانی کـەنەدا خۆی کەرەنتینە کردووە ،
بەڵام سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت ئەرکی ئێمەیە پارێزگاری لە هاوڵاتیانمان بکەیـن ،
ئەستێرەکانی سینەما
یانە وەرزشیەکان
پاڵەوانیەتیە جیهانیەکان
شانۆ و سینەماکان
گەرنەڤالـەکان
پیشانگاکانی کتێب
قوتابخانە و زانکۆکان
هەر هەموویان لـە جووڵـە وەسـتان !!!
جموجۆڵ لە وێستگەی شەمەندەفەرەکان و لە فڕۆکەخانەکان و وێستگەی گواستنەوە ئیفلیج بوون ،
تەوقەکردن قەدەغەیـە ، مـاچ و باوەش بەیەکتردادان تـاوانـە ، کۆبوونەوە تەڵـەی گەمژەکانـە ، شوێنی خودا پەرستی لە نێوان مەککە و فاتیکان دەرگاکانیان داخست ،
گومان و دڵ ڕاوەکێ و تـرس و تـۆقیـن هەموو هەستەکانی ئێمەی داگیرکردووە ، بۆیـە مێشکمان بیرکردنەوەی بە درووستی لە دەست داوە ، ئەمـە بە هۆی جەنگێکی ناوەکی نیە ، و بەهۆی هێرشی گیان لەبەرەکانی گەردوون بۆ سەر هەسارەی زەویش نیە ،
بـەڵکـو ئـەمە ڤایرۆسێکی بچووکە ،، ڤایرۆسێك وا دەکات دەبابە پێشکەوتووەکان و پـولێك لـە فڕۆکەی جەنگی ، و نوێتریـن جۆری ڕادار بـبێتـە کەرستەیەکی بێ بایەخ و گەمژانە نە لە توانای دایە هێرشێك بەرپەچ بداتەوە و نـە دەشتوانێ هەڕەشە لە دوژمنێك بکات ،
ئـابووری جیهان ئیفلیج بـوو
و بۆرسە گەورەکان لە لێواری ڕووخان دایـە
نڕخی نـەوت هاتە خـوارەوە
دەوڵەمەندەکان هەناسەیان وەسـتاوە
تەنهـا هەژارەکان بـێ خەمـن لە نێو ئـەو گێژاوە ، بەڵام بـێ بەش نیـن لە تووشبونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەڕەشەی ئـەم پـەتایەیـان لەسەرە وەك دەوڵەمەندەکان ،
لە سەدەکانی ڕابردوو مرۆڤ چەندین جەنگی بینیـوە ، ئارەزووی دەکرد کەسی بەرامبەر لەت لەت بکات و بەیەك جاری لە نێوی بـبات ، لـەجـەنگە ئـایینیەکان ، لـە داگیرکاریەکان لە پیلانگێریەکان لـە ململانێیەکان تەنانەت لە بەهەدەر دانی خۆێنی مرۆڤەکانیش ،
دوو جەنگی جیهانی جگە لـە جەنگێکی سـارد پاڵپەستۆی خستە سەر گەلانی بێ دەسەڵات و ڕووبارێك لە خوێنیان پێ ڕێشتن ، سـوپایێکیان لە منداڵە هەتیو و بێ وەژنەکان و بریندارەکان و پەککەوتە و بەتەمەنەکان پێك هێنا ، هەموو بـە هۆی چاوچنۆکی و ئارەزووی ستەم کردن و بە تاڵان بردنی مڕۆڤەکان ڕوویـدا ، نەك تەنهـا لە سەر ئاستی ووڵاتان بەڵکو لەسەر ئاستی تاکەکانیش ئەمە ڕوویـداوە ،
ئەمڕۆ هەموو شتێك لەسەر لێواری لە نێو چوونە ،
گەورەکان ئەمڕۆ زۆر بچووك بوونەتەوە ،
بەهێزەکان مایەی بەزەیـین
دەوڵەمەندەکان زۆر هەژار و دەست کورتـن
ئـەگەر زلهێزی ووڵاتان و عیلمانیەت و تووندڕەوی ئایینی وای کردووە جیهان وەك گوندێکی بچووك وابیـت ، ئــەوە ڤایرۆسی کۆرۆنـا قەیسەری لەمانـە کردووتە کونـە مشك و جیهان ئـەمڕۆ بووەتـە تەنهـا بلقێك ئــاو .!!!
بـۆیـە پێویستە مرۆڤ جارێکیتر بە خۆی دا بچێتەوە 
Back to top button