کوردستانتان باش پەیەدە !!

مەسعود مەلا پەروێز
کاتێک ئێوە باسی یەک پارچەی کوردستانتان دەکرد ، وامان دەزانی هێشتا ماومانە بگەین بە ئێوە ، ئێوە باسی ئەوەتان دەکرد کە خەباتی کوردی نابێ لە یەک پارچە قەتیس بکرێ و هەموو پارچەکانی کوردستان مەیدانی خەباتە ، کاتێک لە بقاعی لوبنانەوە لەژێر سێبەری موخابەراتی سوریاوە باسی سەربەخۆیی کوردستانتان دەکرد ، دەرکەوت ئەو هەموو خۆ بادانە تەنها بۆ خەڵەتاندنی گەنجیانی خۆش باوەرە و خوێن گەرمی کورد بووە و هیچی تر ، پاش تێکچوونی سووریا و نەمانی شەرعیەتی ڕژێمی بەعسی عارەبی ئیشتراکی ئێوە بوونە پارێزەری وێنەکانی بەشار و پیاوەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان ، لە جیاتی ئەوەی دەزگا ئەمنیەکانی ئەو ڕژێمە شار بەدەر بکەن ، کەوتنە گرتنی کورد پەروەران و سوتاندنی ئاڵای کوردستان ، هێشتا هەر نەوەستانەوە بە هەموو شێوەک دژایەتی خەباتی کوردێنیتان کرد و ئەوەی پێتان ڕاسپێدرابوو بە زیادەوە ئەنجامتان دا ، دواین داهێنانتان ئەوە بوو کە ڕۆژئاوای کوردستانتان گۆڕی بۆ باکووری سوریای عارەبی ، کە ئەویش لە مێژە حزبی بەعسی عارەبی سوریا نکۆڵی لە کوردستانی بوونی ڕۆژئاوا دەکرد ، پیرۆزتان بێت کۆماری سوریای عارەبی ، بەڵام ئایا کوردانی ڕۆژئاوا و کوردانی پارچەکانی تر ئەمەتان لێ قبوڵ دەکەن ؟
، بە دڵنیاییەوە نەخێر ، چونکە کۆمارێک نامێنێ بە ناوی سوریای عەرەبی نە باکورێک دەمێنی لە سوریا بەڵکو ڕۆژئاوا هەر بە کوردستانی دەمێنێتەوە و هەمیشە پارچەیەکە دەبێت لە کوردستان

Back to top button