سەرۆك وەزیرانی کەنەدا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە گەلی کورد دەکات
سەرۆك وەزیرانی کەنەدا جەستن ترەودۆ، بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز، پیرۆزبایی لە گەلی کورد دەکات.
لە راگەیەندراوێکی سەرۆك وەزیرانی کەنەدا هاتووە، پیرۆزبایی لە خەڵکی فارس، کورد، زەردەشتی، بەهایی و خەڵکی ناوەڕاستی ئاسیا و کۆمەڵگەی ئیسماعیلی لە کەنەدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆز دەکەم.
سەرۆك وەزیران دەشڵێت، نەورۆز نوێبوونەوەیەکی رۆحییە و هەلێکە بۆ نیشاندانی پێزانینی خۆمان و هیوایەکە بۆ گەشبینی ساڵانی داهاتوو.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، یادی نەورۆز لە هەرێمی کوردستان ناکرێتەوە و داوا لە هاووڵاتیان کراوە خۆیان لە گەشت و ئاهەنگگێڕان بە دوور بگرن.