ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، له ژێر ناونیشانی “روونکردنەوەیەک لە سەر تاوان و خیانەت و کارە نایاساییەکانی لاهور جەنگی” وهڵامێکی توندی لاهور جهنگی دەداتەوە .
لەو ڕوونکردنەوەدا ئاماژە بەوە دەکات وێرای ئەوەی لاهور جهنگی خۆی و براکانی زیادەڕۆییان کردووەو و بە تیرۆر و تۆقاندن ژیانی خەڵکیان خستۆتە مەترسییەوە چەندین خانەوادەی وەک خوالێخۆشبوو ئامانج بابانیان لەناو بردووە و دادگاشیان بێدەنگ کردووە .
دهقی روونكردنهوهكه
ماوەیەکی زۆرە لاهور جەنگی لە چوارچێوەی کار و ڕێنماییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەرچووە، بەداخەوە بە هۆی باروودۆخی تایبەتی هەرێمی کوردستان و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی هەرێم و دوورکەوتنەوە لە گرژی، نەتوانراوە لەچوارچێوەی یاسا و رێساکانی ئەنجوومەنی ئاسایش رێکار و سزای پێویست لەبەرامبەری بگیرێتە بەر.
ناوبراو توانا ماددی و مرۆڤییەکانی بەشێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی بۆ بەرژەوەندیی شەخسیی و پتەوکردنی پێگەی خۆی لە ناو حیزبەکەی و هەروەها بەدەستخستنی سوودی ماددی بەکارهێناوە. ناوبراو هێز و چەکداری سەر بەئەنجوومەنی ئاسایشی وەک هێزێکی تایبەت بە خۆی بۆ چاوسورکردنەوە و ترساندن و تۆقاندنی خەلک و سەندنی سەرانە لە کۆمپانیا و سەرمایەداران و کاری قاچاخیکردن لە سەر سنوورەکان بەکار هێناوە. لە ماوەی ڕابردووشدا وێڕای مەترسیی پەتای کۆرۆنا, له پێناو دەسکەوتی ماددی کاری بە قاچاخ هێنانی خەلک و کەلوپەلی پەرە پێداوە و وێڕای پێشێل کردنی ڕێنماییەکانی خالە سنوورییەکان مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی تەندروستیی هاووڵاتیان درووست کردووە.
هەروەها ناوبراو لە دەرەوەی رێنماییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش تۆرێکی پەیوەندیی گوماناویی لەگەل زۆر لایەنی دەرەکی دروست کردووە و بە بێ ئاگاداریی لایەنە پەیوەندیدارەکان و لە پرۆسەیەکی گوماناویدا دەستیشی تێکەل بە بازرگانی و گواستنەوەی چەک وتەقەمەنی کردووە. لاهور جەنگی لەوەشی تێپەڕاندووە خۆی و براکانی زیادەڕۆییان لە سەر ژیانی تایبەتی خەلک کردووە و بە تیرۆر وکوشتن چەندین خانەوادەی وەک خوالیخۆشبوو ئامانج بابانیان لەناوبردووە.
لە کاتێکدا کە دەبووایە تواناکانی دامودەزگا هەواڵگرییەکان بە ئاراستەی دەرەوە و بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەکان بێت، لاهوری جەنگی ئەو توانایەی بۆ دروستکردنی بەڵگە و گرتە ڤیدیۆیی لە سەر ئەندامانی حیزبەکەی بەکار هێنا تاکو لە یەکلاکردنەوەی ململانێ ناوخۆییەکانیاندا وەک کارتی فشار بەکار بهێنێت. لاهور و براکانی چەندین باندی مافیایی سیخورییان پێکهیناوە بۆ سیخوری کردن بەسەر کەسایەتییە ئیداری و کۆمەلایەتی و سیاسییەکان و هەروەها پارتە کوردستانییەکان و تەنانەت ئەندامانی ناو خودی یەکێتی نیشتمانیش.
هەموو ئەم سەرپێچی و تاوانانەی لەلایەک و ئەوجا خیانەتی گەورەی ١٦ی ئۆکتۆبەریش لەلایەک.
لەم چەند مانگەی دواییشدا کە حکومەتی هەرێم دەستی بە رێکخستنەوەی کاروباری دەروازە سنوورییەکان و کاروباری کۆمپانیا نەوتییەکان لە سنووری گەرمیان کرد، لاهور جەنگی هەستی کرد سنوورێک بۆ بەرژەوەندییە ماددییە ناشەرعیەکانی خۆی و براکانی دادەنرێت ، بۆیە دەستیان بە دروستکردنی لەمپەر بۆ هەنگاوەکانی چاکسازیی حکومەت لەم بوارانەدا کرد و لە سایت و پەیجەکانی خۆی هێرشی بۆ سەر حکومەت و پرۆسەی چاکسازی دەست پێکرد.
لە ژێر رۆشنایی ئەم هەموو تاوان و سەرپێچی و کارە نایاساییانەی لاهور جەنگی ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە کاتی ئەوە هاتووە رێکاری پێویست بگیرێتە بەر و کۆتایی بە خراپ بەکارهێنانی هێز و توانا هەواڵگری و ئەمنییەکان بهێنرێت. کاتی ئەوەیە ئەو کەسانەی یاسا پێشێل دەکەن و دژی بەرژەوەندیی نیشتمان و هاووڵاتیان هەڵسوکەوت دەکەن ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان