تورکیا: جمجۆلی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت
دوای ئەوە وڵاتی تورکیا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا بڕیاریدا سنورەکانی لەگەڵ وڵاتان دابخات كۆنسوڵی توركیا لە هەولێر دەڵێت “جموجۆڵی بازرگانی لە نێوان توركیا و هەرێم بەردەوامە”.
هاكان كاراچای كونسوڵی توركیا لە هەولێر بە ئاژانسی ئەنادۆڵ راگەیاندووە ”جموجۆڵی بازرگانی لە نێوان توركیا و هەرێم بەردەوامە و هەندێك رێكاری پێویست سەبارەت بە رێگەگرتن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیراونەتەبەر بۆئەوەی شوفێرەكان بەركەوتنیان لەگەڵ یەكتردا نەبێت، بەڵام هاتوچۆی بازرگانی و هاوردەی خۆراك و بابەتەكانی دیكە بەردەوامە و هیچ كێشەیەك لەئارادانییە”.
کونسولی تورکیا راشیگەیاندووە”پرسی بازرگانی لەنێوان توركیا و ئەم ناوچەیە زۆر گرنگە. ناوچەكە ئەو شتانەی پێویستی بێت هەر لە خۆراك تا دەگاتە دەرمان لە رێگەی توركیاوە دابیندەكرێت. بەشێكیان راستەوخۆ لە توركیا و بەشێكیان لە رێگەی ترانزێتەوە دەگەیەندرێتە هەرێم”.
هەروەها راشیگەیاندووە، رێكاری پێویستی تەندروستی گیراوەتەبەر بۆ هەموو ئەو كاڵایانەی دەگەنە سنور و پشكنینی پێویستیان بۆ دەكرێت.
سەبارەت بە هاتوچۆی هاووڵاتیانی توركیاش بۆ گەڕانەوەیان لە هەرێمی كوردستانەوە، هاكان كاراچای دەڵێت ”هاووڵاتیانی توركیا دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكەیان، بەڵام بە پێچەوانەوە لە چوارچێوەی رێكارەكانی پێشگرتن بە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ناتوانن بێنە هەرێمی كوردستان، ئەوانەیشی دانیشتووی هەرێمی كوردستانن و كارتی نشینگەیان هەیە، دەتوانن بگەڕێنەوە هەرێم و لێرە كەرەنتین دەكرێن و دوای وادەی دیاریكراو دەتوانن بچنەوە ماڵەكانیان”.