سێ لایانی ئیسلامیەكە چوونە قۆناغی دەستەیەکی باڵای هاوبەش

خواكوڕك

سێ لایەنە ئیسلامییەکەی کوردستان پێش نیوەڕۆی ئەمرۆ شەممە، 31ی 12ی 2016، لە ئاستی ئەمیندار، ئەمیر و رابەری گشتی، کۆبوونەوە و بڕیاریاندا دەستەیەکی باڵای هاوبەش پێکبهێنن بۆ “دانانی رێوشوێنی پێویست بۆ بە ئەنجام گەیاندنی پرۆژەی یەکخستن و یەکگرتنی ئیسلامییەکان بەشێوەی قۆناخ بەندی”.

بەگوێرەی سەرچاوەی میدیاكان، “كۆبوونەوەی نێوان یەكگرتوو و كۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی لەبارە تاوتوێكردنی پڕۆژەی یەكگرتنیان دەستیپێكرد و ئەوەی لەم كۆبوونەوەدا جیاوازە لەگەڵ كۆبوونەوەكانی دیكە، ژمارەیەك لە كەسایەتی و رێكخراوی ئیسلامی بەشداری لە كۆبوونەوەكە دەكەن، ئامادەش نەبوون لەبارەی بەشداری كردنیان لە كۆبوونەوەكە لێدوان بۆ رۆژنامەنووسان بدەن”.

پێشتر عەبدوڵڵا رێشاوی، توێژەری کاروباری ئیسلامی لە دیمانەیەك لەگەڵ كەناڵی رووداو دەلێت “حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستانیش وەک هەموو حیزبێکی دیکە بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن و پێویست ناکات گوتاری ئایینی بۆ سیاسەتەکانیان بەکاربهێنن هەر بەڕای ئەو توێژەرە ئەم لێکنزیکبوونەوەی ئیسلامییەکان لە کۆتاییدا “دەبێتە کپکردنی دەنگی هەموو ئەو کەسانەی کە ئیدعای ریفۆرمیان دەکرد لەناو هەرسێ هێزە ئیسلامییەکە”.

هەر لەسەر ئەو پرسە سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی محەمەد رەئوف دەڵێت: “وەک کەسێک کە تەمەنم هەمووی بۆ ئەو کارانە بووە، پێشنیازیان بۆ دەکەم و قسەکانیشم بۆ هەموویان وەک یەکن و دەڕژێنە چوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی، پێشنیاز دەکەم بۆ سەرکەوتنی لیستەکە پێویستە سەرۆكی هەرسێ لایەنەكەو سەرۆك و جێگری هەموو رێكخراوەكان ببنە پاڵێوراو لە لیستەكەداو دواتریش ببنە ئەندامی پەرلەمان، هەورەها دەشلێت ئەو پێیوایە بەو پرۆژەیە حیزبەکان دەتوانن بە ستراتیژیەتێکی چوار ساڵە بچنە نێو حکومەت و پەرلەمان، بەو مەرجەی زاڵ بن بەسەر ترس و نەفسی خۆیان، دەشڵێت “بەپێچەوانەوەی ئەو هەنگاوانە ئەوەی دەکرێت موزایەداتە و شەڕکردنە لەسەر دەنگە پەرش و بڵاوەکان”.

محەمەد رەئوف دەشلێت “حیزبە ئیسلامییەکان هەنگاوی گونجاویان ناوە لەگەڵ سیستەمێک کە سیکۆلاری بێت، بەڵام لەرووی نێوخۆوە هێشتا لە قۆناخی سەرەتایی و تەنانەت لە موزایەداتی یەکدیدان”.

راگەیاندراو
راگەیاندراو

 

Back to top button