پارتی جه‌خت له‌سه‌ر په‌یام و هه‌وڵه‌كانی بارزانی دەكاتەوە

خواكوڕك
 
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا بەبۆنەی سەری ساڵی نوێ رایگەیاند، وڵاته‌كه‌مان له‌ قۆناغێكی چاره‌نووسسازدایه‌، بۆیه‌ ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موو لایه‌كمانه‌ هه‌وڵی زیاتر بده‌ین بۆ پته‌وكردنی یه‌كڕیزیی و هه‌ماهه‌نگی و ته‌بایی و متمانه‌ تا به‌ هه‌موومان بتوانین دژی پیلانگێڕی و ده‌ستدرێژیی دوژمنان بوه‌ستینه‌وه‌ و به‌رگه‌ی ته‌حه‌دییه‌كان بگرین و، له‌و رووه‌یشه‌وه‌ جه‌خت له‌سه‌ر په‌یام و هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك مەسعوود بارزانی بۆ یه‌كڕیزیی و یه‌كده‌ستیی سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌.
 
ده‌قی په‌یامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ بۆنه‌ی ساڵی نوێوه‌.
 
به‌ بۆنه‌ی هاتنی ساڵی نوێوه‌، به‌ ناوی خۆمان و هه‌موو ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ گه‌لی كوردستان و گه‌لانی عێراق و گشت جیهان ده‌كه‌ین و ئومێده‌وارین ساڵی تازه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك ساڵی هات و خێروخۆشی بێت، ساڵی بنبڕکردنی كێشه‌ و گیروگرفت و ئێشوئازاره‌كانی گه‌له‌كه‌مان بێ و كوردستان هه‌میشه‌ له‌ كه‌شێكی ئارام و سه‌قامگیردا بێت
 
به‌شێوه‌یه‌كی زۆر تایبه‌ت پیرۆزبایی له‌ خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ نه‌به‌رده‌كانی كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ هه‌ر ئێستا له‌ ته‌واوی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگری و پاراستنی سنور و ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌ل و دیموكراسی و ئاوه‌دانی و گه‌شه‌كردندان.
 
ساڵی تازه‌مان له‌ كاتێكدایه‌، كه‌ به‌هێز و بازووی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و خۆڕاگریی گه‌له‌كه‌مان، تیرۆریستان له‌ خاكی پیرۆزی كوردستان وه‌ده‌رنراون و وڵاته‌كه‌مان له‌ قۆناغێكی چاره‌نووسسازدایه‌، بۆیه‌ ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موو لایه‌كمانه‌ هه‌وڵی زیاتر بده‌ین بۆ پته‌وكردنی یه‌كڕیزیی و هه‌ماهه‌نگی و ته‌بایی و متمانه‌ تا به‌ هه‌موومان بتوانین دژی پیلانگێڕی و ده‌ستدرێژیی دوژمنان بوه‌ستینه‌وه‌ و به‌رگه‌ی ته‌حه‌دییه‌كان بگرین و له‌و رووه‌یشه‌وه‌ جه‌خت له‌سه‌ر په‌یام و هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك مەسعوود بارزانی بۆ یه‌كڕیزیی و یه‌كده‌ستیی سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌.
 
هیواخوازین ساڵی 2017، ساڵی ئاشتی و ئاشته‌وایی و خێروخۆشی بێت، ساڵی كۆتاییهێنان بێت به‌ كێشه‌ و گیروگرفت و ده‌رده‌یسه‌رییه‌كان و چاككردنی باری گورزه‌ران و بژێوی سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌مان و، موژده‌ی ده‌سكه‌وتی باشتر و زیاتری پێبێت، ساڵی به‌دیهێنانی دوا مافه‌كانی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌مان و زیاتر پێشكه‌وتن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان بێت.
 
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
31 ی 12 ی 2016
Back to top button