بەرپرسێكی پارتی: چەكدارانی سەر بە حزبێك لەكەركووك بونەتە مەترسی بۆ هاوڵاتیان
خواكوڕك
دوای بڵاو بوونەوەی دەنگۆی هەلكوتینە سەر ماڵان لە لایەن چەند چەكدارێكەوە لە شاری كەركوك بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتیی كوردستان ڕای گەیاند، چەكدارانی سەر بە حزبێك، سەقامگیریی شاری كەركووكیان تێكداوە و هاووڵاتییان دەڕفێنن و ماڵەكانیان تاڵان دەكەن.
لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی (محەمەد كەمال) بەرپرسی لقی سێی كەركووكی پارتی، ئاشكرای كردووە كە ئەگەر هەر مەترسییەك لەسەر كەركووك هەبێت، ئەو چەكدارانی سەر بە حزبێكی دیار لە شارەكە دروستیان كردووە، بەڵام ناوی حزبەكەی نەهێناوە. ئەوەشی ڕوون كردووەتەوە كە ئەو چەكدارانە دەستیان داوەتە كوشتن و ڕفاندنی هاووڵاتییانی كەركووك و دزی و تاڵان و بڕینی ماڵ و شوێنە بازرگانییەكان بووەتە پیشەیان.
ئەو بەر پرسەی پارتی لەكەركوك دەڵێت: ”هەندێك دیمانەی تەلەڤزیۆنی بوونەتە هۆی دروستكردنی دڵەڕاوكێ لەنێو خەڵكی كەركووك و یەكێك لەو بەرنامانە، دیمانەیەكی نوێنەرێكی بەرەی توركمانی بووەتە ئەگەری ترساندنی خەڵك، چونكە, هەندێك زانیاریی هەواڵگری دزە دەكەنە نێو خەڵك و بەو هۆیەشەوە هەر كۆمەڵە ماڵێك پاسەوانی لە خۆیان دەكەن، نەبادا هێرش بكرێتە سەر شارەكە، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەی بەرەی توركمانی بۆ خەڵك گوتوویەتی وەها نییە، بەڵكو شتێكی دیكە لە كەركووكدا دەگوزەرێت“.
محەمەد كەمال باسیشی لەوە كردووە كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، خالید شوانی، گوتەبێژی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق و پەرلەمانتاری پێشووی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، سەردانی بازاڕی كەركووكی كردووە و كەسێك لێی پرسیوە: ”لە كەركووك خەڵكی رووت دەكرێنەوە، ئەو كارانە بە فەرمانی كێیە؟“، لە وەڵامیشدا شوانی پێی گوتووە كە ئەوە سێیەمین كەسە هەمان پرسیاری لێ دەكات.
بەرپرسی لقی سێی پارتی لە كۆتایی قسەكانیدادەڵێت: “ كەشێكی وا لە كەركووكدا خوڵقێندراوە كە بەڕاستی نێوبانگی كوردیان شكاندووە”.