ڕاگەیاندنی ژمارە 27ی وەزارەتی تەندروستی : ڕێژەی گیان لە دەست دان بە هۆی کۆرۆنا لە کوردستان بەرز بۆوە
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوی ژمارە 27 ی خۆیدا ئاشکرای دەکات ، 9 کەسی دیکە لە هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و کەسێکی دیکەی گیانی لە دەست دا .
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان دەڵێت ، لە قەزای جەمچەماڵ پیاوێک لە پێشتر نەخۆشی درێخایەنی هەبووە و دەکاتە باوکی تووشبووەکەی دوێنێ ، بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لە دەست دا ، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە پیشتر پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای پۆزەتیڤ بووە .
دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی
ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی
ژمارە (٢٧)
سەبارەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان، تیمەکانی تەندروستی بۆ دۆزینەوە و پشکنینی گومانلێکراوانی هەڵگری ئەم ڤایرۆسە ڕۆژانە بەردەوامن بەمەش:
- ژمارەی هاوڵاتیان کە لە کەڕەنتینەکان بوون (٤٦٧١) هاوڵاتین لە (٢٦) شوێنی جیاواز، لەئێستادا تەنها (١٥٧٣) هاوڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە (٧٨٧) لە هەولێر، (٣٣٩) لە سلێمانی، (٢٩٨) لە دهۆك، (٣٨) لە هەلەبجە، (٣٢) لە گەرمیان، (٥٤) لە ڕاپەرین، (٢٥) لە کۆیە وە (٣٠٩٨) هاوڵاتی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو بوونی ماوەی دوو هەفتە لەگەڵ کەڕەنتین کردنی ژمارەیەکی تری ئەمڕۆی کەرەنتین کراو کە کۆی گشتی بریتی بوو (٧٨) هاوڵاتی.
- لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو (٣٢٧) پشکنین وەرگیڕا، کە (٢٠٣) لە شاری هەولێر و (٩٦) لە شاری سلێمانی و (٢٨) شاری دهۆك.
دەرەنجام (٩) تووشبووی نوێ تۆمارکرا بەم شێوەیەی خوارەوە:-
- پارێزگای هەولێر لە کۆی (٢٠٣) پشکنین (٧٢) نیگەتیڤ بوو وە (١٣١) پشکنین ماوە لە کاتژمێرەکانی داهاتوو دەردەچێت.
- سنووری پارێزگای سلێمانی (٨) پۆزەتیڤ، کە (٥) پیاو و (٣) ئافرەت، لە نێویاندا پیاوێك بەهۆی نەخۆشیەکی کوشندەی درێژخایەن دوای گیانسپاردنی پشکنینەکەی پۆزەتیڤ دەرچوو.
- پارێزگای دهۆك (١) ئافرەت پۆزەتیڤ.
- کۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کوردستان (٨٥) تووشبووە، لەنێویاندا (٢) مردن هەیە و (٢٢) نەخۆش بەتەواوی چاکبووەتەوە، و ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکی دان.
وێڕای دەستخۆشی بۆ تیمەکانی وەزارەتی ناوەخۆ و تیمەکانی پزیشکی کە لە کاردان وە تکا دەکەین هاوڵاتیان بە هیچ شێوەیەك نەیەنە دەرەوە لە ماڵەکانیان وە پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و لە ماڵەکانیان بمێننەوە و نەیەنە دەرەوە و بەرکەوتەی کەسی تر نەبن وە لە کاتی پێویستدا پەیوەندی بکەبن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢).
وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٣ی ئازاری