توێژەرانی ئەمەریكایی: كاتی سەربەخۆییی كوردستانە, ئیدارەی ترامپ لەبەرژەوەندی كورد دەبێت
خوا كوڕك
دوای ئەو سەركەوتنە گەورەیەیی پێشمەرگە تۆماری كرد, بە تایبەت لە شەڕی رووبەرووبونەوەی تیرۆریستانی داعش, توێژەرە دیارەكانی ئەمەریكا هاوڕان لەسەر ئەوەی كە چونكە كورد براوەی جەنگی جیهانیی دژ بە تیرۆر بووە, كە ئەم جەنگە بە سێیەم جەنگی جیهانی دەزانن، ئێستا بە كاتێكی گونجاو دەزانن تا دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ پرسی سەربەخۆییی كوردستان دەست پێبكات.
(نیكۆلاس هراس) توێژەری دیاری ئەمریكی تایبەتمەند بە پرسی رۆژهەڵاتی ناوین لە سەنتەری ئەمنیی ئەمەریكا رایگەیاندووە:” ئیدارەی نوێی ئەمەریكا زیاتر پشتی كورد دەگرێ لە جەنگی جیهانیی دژ بە تیرۆر و ئەمەریكا متمانەی زۆری بە كورد هەیە, ئەم توێژەرە جەنگی دژ بە تیرۆی ناو بردووە بە سێیەم جەنگی جیهانی و، بەهۆی سەركەوتنی كورد لەو جەنگەشدا دەڵێ، چاوەڕوانكراوە كە ئیدارەی نوێی ئەمەریكا زیاتر پشتی كورد بگرن.
هەروەها (دەیڤد رۆمانۆ) كە مامۆستای زانكۆیە لە ولایەتی میسووری یە دەڵێت:” ئیدارەی (ترەمپ) بە شێوازێكی زۆر جیاواز مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات، ئەوەش وایكردووە هەندێ وڵاتی ناوچەكە بكەونە دڵەڕاوكێ و ترسیان لەوە هەیە كە دەرگای سەربەخۆیی بۆ كوردەكان بخرێتە سەر پشت.
(مایكل نایتس) لە پەیمانگای واشنتن بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك لە توێژینەوەیەكیدا ئاماژەی كردووە كە:” باشترین بژاردە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە بەڕێگای دیالۆگ بگەن بە رێككەوتن پەیوەست بە پرسی سەربەخۆیی یان كۆنفیدراڵی بۆ هەرێمی كوردستان. (نایتس) دەشڵێ، رێگای سەربەخۆییی كوردستان ئەگەر بە بەغدادا تێبپەڕی زۆر باوەڕپێكراوترە لەوەی كە بە ئانكارا و كۆشكی سپیدا بڕوات، هەڵبەت مەبەستی (نایتس) رێككەوتنی هەولێر و بەغدایە لەسەر پرسی سەربەخۆییی كوردستان.
راوێژكارێكی دیكەی ئەمریكی بەناوی (هارلمان ئۆلمان) راوێژكار لە سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئەتلەنتیكی ئەمەریكایدا دەڵێت:” باشترین بژاردە بۆ سەقامگیریی عێراق، دابەشوونی عێراقە لە نێوان شیعە و كورد و سوننەدا.
هەروەها (هارلمان) دەشڵێت:” ئەم بابەتە لەلای (ترەمپ) بە بایەخەوە لێی دەڕواندرێ و لە دوای نەمانی داعشدا ئەمە باشترین چارەیە بۆ سەقامگیریی ناوچەكە.
لایخۆشیانەوە پێگەی ئەلمۆنیتەر بە پشتبەستن بە لێدوانی (وەلید فارس)ی راوێژكاری سیاسیی (دۆناڵد ترەمپ) بۆ پرسی رۆژهەڵاتی ناوین، كە رایگەیاندووە (ترەمپ) دەیەوێ دۆستایەتی لەگەڵ كورد زیاتر بكات و هیچ لاریی نابێ بۆ هەر بڕیارێك كە ئەمەریكا لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندا بیدات، جا ئەگەر كورد بڕیاری سەربەخۆییش بدەن، ئەوا ئەو لاریی نابێ.
بەگوێرەی شیكەرەوە سیاسییەكانی ئەمەریكا (ئیدارەی ترەمپ) پێویستی بە هەرێمی كوردستانە، چونكە بۆ پاشەڕۆژ لە ناوچەكەدا، كوردستان ئاوێنەی پێشكەوتنی سیاسی و ئابووریی ناوچەكە دەبێ و ئەمەش بەلای ئەمەریكاوە گرینگە.