چەند شەقامێكی سەرەكی هەولێر و سلێمانی داخران
خواكوڕك
لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی ماڵ ئاوای لە ساڵی رابردوو, پێشوازی كردن لە سالێكی تازە لە پارێزگای هەولێرو سلێمانی, ئەگەر چی بە فەرمی هیچ ئاهەنگێك ناگێڕدرێن, چەند شەقامێك داخران, لە قەزای ناوەندی هەردوو پارێزگاكە وێڕای پیرۆزبایی داوا كرا هاونیشتمانیان خۆیان لە بەكارهێنانی یارییە ئاگرینەكان بەدوور بگرن.
لەو بارەیەوە بەختیار عەبدولرەحمان، قایمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی رایگەیاند ” لیژنەی ئەمنی سلێمانی ئامادەكاری تووندوتۆڵی كردووە بۆ ئەمشەو, بەبۆنەی سەری ساڵ لە شەقامی سالم تاوەكو پردی خوسرەوخاڵ رێگەی هاتوچۆ گیراوە، لە هەموو شوێنەكان مەفرەزەمان هەیە و دەوریەشمان لەنێو گەڕەكان بڵاودەبنەوە”.
قایمقامی سلێمانی وێڕای پیرۆزبای ساڵی هیواشی خواست خۆیان لە بەكارهێنانی یارییە ئاگرینەكان بەدوور بگرن, وە بۆ ئەم بۆنەیە حكومەت هیچ جۆرە ئەركێكی رازاندنەوەی شار و سازكردنی ئاهەنگی نییە، بەهۆی هەبوونی ژمارەیەكی زۆری شەهید و بریندارانی شەڕی داعش و قەیرانی دارایییەوە”.
لایخۆشیانەوە نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی دەڵێت “هیچ ئاهەنگ و مەراسیمێكی رەسمی لە شاری هەولێر ئەنجام نادرێت، ئەوەی هەیە كەرتی تایبەت لە چەند جێگایەك بەتایبەت لە شارۆچكەی عەینكاوە ئاهەنگی سەری ساڵ سازدەكات، هێزەكانمان رێوشوێنی ئەمنیان گرتووەتەبەر و تاوەكو بەرەبەیان چەند شەقامێكی سەرەكی شارۆچكەی عەینكاوە و شەقامی ئیسكانی شاری هەولێر دادەخرێن.”
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر گوتیشی “بەكارهێنانی یارییە ئاگرینەكانیان بەهەموو جۆرێك قەدەخەیە و هیوادارین ساڵی 2017 ببێتە ساڵی خێر و خۆشی.”