دالیا فەرھاد: 3 ملیار دینار و بڕێكی زۆر كەلوپەلی پزیشكی لە بەغداوە رەوانەی ھەرێم دەكرێت

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رایده‌گه‌ێنێت، ھەر ھاوكارییەكی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بگاتە عێراق، پشكی ھەرێمی كوردستانی تێدایە و رۆژانی دابێ سێ ملیار دینار و بڕێكی زۆری كەلوپەلی پزیشكی رەوانەی ھەرێم دەكرێت.

د. دالیا فەرھاد، ئه‌ندامی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگه‌یاندووه‌، ھەر ھاوكارییەكی نێودەوڵەتی لەلایەن رێكخراوی تەندروستیی جیھانییەوە بۆ عێراق بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەشی ھەرێمی كوردستانیشی تێدایە و لەو بودجەیەی حكوومەتی عێراقیش كە بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا تەرخانی كردووە، بەشی ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت.

د. دالیا فەرھاد دەشڵێت، بڕیارە لە چوارچێوەی پلانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، حكوومەتی فیدڕاڵ سێ ملیار دینار بۆ خەرجییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا رەوانەی ھەرێمی كوردستان بكات و هاوكارییەكانیش بەردەوام دەبن”.

فەرھاد زیاتر ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات ھەردوو حكوومەتی عێراق و چین رێككەوتن لەسەر ئەوەی وڵاتی چین ھاوكاریی عێراق بكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا بڕێكی زۆری ھاوكاریی پزیشكی لە چینەوە رەوانەی عێراق بكرێت و لەگەڵ گەیشتنیشدا پشكی ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت، ئەمە جگە لەوەی دوێنێ چین ھەندێك ھاوكاریی گەیاندە ھەولێر.

 

Back to top button