حكومه‌تی هه‌رێم ده‌سكاری پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران ده‌كات

خواكوڕك

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ئاشكرای ده‌كات، له‌ ئێستادا موژده‌ی گه‌وره‌ و دڵخۆشكه‌ر هه‌یه‌ بۆ باشتربوونی باری دارایی حكومه‌ت و زیادبوونی داهاته‌كان، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم قه‌رزه‌كانی سه‌رشانی كه‌متربوون و نرخی نه‌وت به‌رزتربۆته‌وه‌.

له‌ ئێستادا نرخی نه‌وتی برێنت له‌ سه‌رووی 55 دۆلاره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت و به‌پێی پێشبینی شاره‌زایانی ئابووریش له‌ساڵی 2017 نرخی نه‌وت له‌ نێوان 50 – 60 دۆلار ده‌بێـت، به‌پێی راگه‌یاندنه‌كانی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانیش بێت، نه‌وتی هه‌رێم 10 دۆلار كه‌متر له‌ نرخی جیهانی ده‌فرۆشرێت.

به‌پێی زانیاریه‌كانی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان، نرخی نه‌وتی هه‌رێم له‌ نێوان 42 بۆ 45 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت، وه‌كۆی فرۆشی نه‌وت هه‌رێم بۆ ساڵی 2017 له‌ نێوان 650 – 800 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌بێت له‌رۆژێكدا، ئه‌مه‌ش واده‌كات داهاتی مانگانه‌ی حكومه‌ت له‌ سنوری 800 ملیۆن دۆلاری مانگانه‌ بێت بێجگه‌ له‌ خه‌رجیه‌كان.

هه‌رچی په‌یوه‌سته‌ به‌ خه‌رجیه‌كانه‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاندووه‌ قه‌رزی كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و كۆتایی ده‌چن و به‌كۆتایی هاتنی ئه‌م قه‌رزانه‌ش مانگانه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ نێوان 200 – 250 ملیۆن دۆلار له‌ داهاتی نه‌وتی فرۆشراوی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

Back to top button