گوتەبێژی حکومەت وەڵامی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دەداتەوە
دوای ئەوەی چەند پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان لە بەغدا، لە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند لێدوانێکی بڵاوکردەوە، گوتهبێژی حكومهتی ههرێمی كوردستان وهڵامی لێدوانەکەی فراكسیۆنی بزووتنهوهی گۆڕان له پهرلهمانی عێراق دهداتهوه.
دهقی بهیاننامهكهی وتهبێژی حكومهت:
لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو توانای خۆی خەریکی پاراستنی هاووڵاتیانی هەرێمە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و خەڵکێکی زۆریش لە ناوخۆ و دەرەوە ستایشی رێکارەکانی حکومەتی هەرێم دەکەن، کە لە پێش زۆر وڵاتانی پێشکەوتووی جیهانە و ئەگەر ئەو رێکارانە و پشتیوانیی سەرۆکی حکومەتی هەرێم نەبووایە، ئێستا دۆخی تەندروستی زۆر مەترسیدار بوو. کەچی ئا لەم کاتەدا کە پێویست بوو هاوکارانمان لە بزووتنەوەی گۆڕان پشتیوانیی ئەم حکومەتە بکەن، کە خۆیان تێیدا بەشدارن و بەهاوبەشی بڕیارمان لە سەر رێکارەکان داوە. کەچی بەداخەوە فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا ئەمڕۆ زۆر بێ ویژدانانە دەستیان بە موزایەدەکردن کردووە.
بۆیە لێرەدا دووپاتی دەکەینەوە کە رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت دەمێکە داوای لە داواکاری گشتی کردووە، کە رێکاری پێویست بگرێتەبەر و لێکۆڵینەوە لەو بانگەشانە بکات کە گوایە بڕی دووسەد و پەنجا ملیۆن دۆلار وەك شیرینی لە کۆمپانیای رۆسنەفت وەرگیراوە. سوپاسی فراکسیۆنی گۆڕانیش دەکەین کە بۆمان ئاشکرا بکەن ئەو کەسە کێیە ئەو پارەیەی وەرگرتووە!
سەبارەت بەو یەك ملیار دۆلارەش کە دەڵێن لە بانکەکانی لوبنان دەستی بەسەردا گیراوە. ئێمەش لە رێگەی میدیاکانەوە ئەو دەنگۆیەمان بیست کە سەرچاوەکەی کۆنە وەزیرێکی سەر بەحزبوڵڵا بوو. بەدواداچوونیشمان کرد و دەرکەوت راست نییە. بەڵکو تەنیا بەشە پارەی کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن لەو حیسابە بانکییەی لوبنان بووە. بۆیە سوپاسی برادەرانی گۆڕان یان هەر کەسێکی تر دەکەین، ئەگەر بەدواداچوون بکەن و راستییەکان بۆ خەڵك روونبکەنەوە. ئەگینا تکایە با بەس بێت موزایەدە کردن و چەواشەکردنی خەڵك. ئێمە وەك هەموو وڵاتانی جیهان لە دۆخێکی سەختداین و پێویستە بەیەکەوە هاوکاربین بۆ تێپەڕاندنی.
د.جووتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/3/27