له‌شه‌وی سه‌ری ساڵ له‌ به‌حرێن و لوبنان و عێراق ته‌قینه‌وه‌ و هێرشی چه‌كداری ئه‌نجامدرا

خواكوڕك

ئاهه‌نگه‌كانی سه‌ری ساڵ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست شه‌وێكی خوێناویان به‌ڕێ كرد و ساڵێ نوێش بۆ هه‌ندێك وڵات به‌ خراپترین ده‌سپێك پێشوازی لێكرا.

شه‌وی دوێنێ له‌ وڵاتی به‌حرێن له‌كاتی سه‌رقاڵ بوونی هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایش به‌ پاراستنی ئارامی ئه‌و شوێنانه‌ی ئاهه‌نگه‌كانی سه‌ری ساڵی تێدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، چه‌ند چه‌كدارێك هه‌ڵیان كوتاوه‌ته‌ سه‌ر به‌ندیخانه‌یه‌ك و پۆلیسێکیان کوشتووە و ژمارەیەک زیندانیش هەڵاتوون.

هه‌روه‌ها له‌ لوبنان به‌هه‌مان شێوه‌ دوو چه‌كدار له‌نێو قه‌ره‌باڵخی شاردا به‌ده‌مانچه‌ هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر ده‌وریه‌یه‌كی پۆلیس و له‌ ئه‌نجامدا پۆلیسێك زامدار بووه‌ و دوو ته‌قه‌كه‌ره‌كه‌ش برینداربوون، حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ش ئه‌و دوو كه‌سه‌ی به‌گێره‌شێوێن له‌قه‌ڵه‌م داوه‌.

به‌ره‌به‌یانی ئه‌مرۆش له‌ بازگه‌یه‌كی پشكنین خۆكوژێك له‌ به‌غدا خۆی به‌ خاڵی پشكنین دا ته‌قاندۆته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ده‌یان سه‌رباز و هێزه‌كانی ئاسایش به‌هۆیه‌وه‌ كوژران، رێكخراوی تیرۆریستی داعشیش ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌كه‌ی خسته‌ ئه‌ستۆی خۆی.

Back to top button