دۆناڵد ترەمپ: ئەگەری زۆر هه‌یه‌ 200 ھەزار ئەمریکی بە کۆرۆنا بمرن

سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگەیاند کە ماوه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێوشوێنانه‌ی دژبه‌ په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (Covid-19) گیراونه‌ته‌به‌ر تا ٣٠ نیسان درێژكراونه‌ته‌وه‌.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “بەھۆی گرتنەبەری رێکارەکانی دژ بە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا توانیمان رێگە لە مردنی ملێۆنێک ئەمریکی بگرین، سەرەڕای گرتنی رێکارەکان ئەگەری مردنی ٢٠٠ ھەزار ئەمریکی بەھۆی ڤایرۆسەکە ھەیە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمە خاوەنی ٥٠ ھەزار ئامێری ھەناسەدانی دەستکردین و بەردەوام کاردەکەین بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ھەروەھا لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتانی دیکە ھاوکاری یەکدی دەکەین بۆ تێپەراندنی بارودۆخەکە و رێگری کردن لە بلاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە”.

ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا تا ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە ١٤٠ ھەزار کەسی تووشکردووە و نزیکەی دوو ھەزار و ٥٠٠ کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە.

 

Back to top button