وەزیری نەوتی ئێران باسی نەوتی كوردستان دەكات
خواكوڕك
هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان جارێكی دیكە لە رێگای ئێران دێتە بەر باسەوە, بۆیە بڕیارە هەفتەی داهاتوو وەزیری نەوتی ئێران سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق تاوتوێی چەند پرسێكی پەیوەستدار بەنەوت تاوتوێ بكەن، لەنێویشاندا، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران و ئەو بۆڕییە نەوتەی لە سنووری سلێمانییەوە بە خاكی ئێران، دەبەسترێتەوە.
میدیاكانی ئێران رایدەگەیەنن, وا بڕیارە بێژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران، هەفتەی داهاتوو سەردانی عێراق بكات بۆ تاوتوێكردنی پرسی نەوت و غاز لە نێوان هەردوو وڵاتدا، هاوكات باسی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان_ئێران دەكرێت.
هەر پەیوەست بەسەردانەكەی وەزیری نەوتی ئێران ئاژانسی هەواڵەكانی (فارسی) دەنوسێت:” هەریەكە لە بێژەن زەنگەنەو جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق كۆدەبنەوە, بۆ تاوتوێكردنی ئایندەی بازاڕی نەوت و ڕۆڵی ئێران و عێراق لە ڕێكخراوی “ئۆپیك”.
ئاژانسەكە دەشڵێت:” وەزیری نەوتی ئێران لە بەغدا، باس لە نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات كە لە ڕێگەی بۆرییەكەوە هەناردەی ئێران دەكرێت, هاوكات دەنگۆی راكێشانی بۆڕیەكی دیكەی نەوت هەیە, كە لە بەسڕەوە دەگاتە ناو خاكی ئێران و بە پاڵاوگەی “ئابادان” دەبەسترێتەوە، هەروەها لەوێشەوە بەرهەمە نەوتییەكان هەناردەی عێراق دەكرێتەوە.