له‌ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ و مه‌ترسی كۆرۆنا چۆن ده‌نگ به‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق ده‌درێت

 

ریاز مه‌سعودی، ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی سائیرون له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، دوو رێگه‌ له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان هه‌یه‌ بۆ ده‌نگدان به‌كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌دنان زه‌رفی.

له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا، ریاز مه‌سعودی رایگه‌یاند، به‌هۆی بارودۆخی ته‌ندروستی و بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌، عێراق به‌دۆخێكی تایبه‌ت تێده‌په‌ڕێت، بۆئه‌وه‌ی دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراقیش تایبه‌ت به‌ده‌نگدان له‌سه‌ر كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌دنان زه‌رفی به‌ڕێوه‌بچێت دوو شێواز هه‌یه‌.

گوتیشی، یه‌كه‌میان ده‌نگدانی ئه‌لیكترۆنی له‌رێگه‌ی سیسته‌مێكی تایبه‌ته‌وه‌ كه‌ په‌رله‌مانتاران به‌مۆبایله‌كانیان یاخود له‌رێگه‌ی پێگه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنیه‌وه‌ بتوانن ده‌نگ بده‌ن. ئاماژه‌ی به‌رێگه‌ی دوه‌میش كرد و گوتی، رێگه‌ی دووه‌می ده‌نگدان به‌كابینه‌ی نوێ، له‌ناو په‌رله‌مان ده‌بێت ئه‌ویش به‌مه‌رجی ئه‌وه‌ی كه‌ هیچ كارمه‌ندێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئاماده‌یی نه‌بێت كه‌ زیاتر له‌ دوو هه‌زار كارمه‌ندی هه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌بێت به‌ر له‌وه‌ی په‌رله‌مانتاران بێنه‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مانه‌وه‌ رێكاری ته‌ندروستیان به‌رامبه‌ر ئه‌نجام بدرێت و پشكنین بۆ خۆیان و ئۆتۆمبێل و پاسه‌وانه‌كانیشیان بكرێت.

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو، دۆخی ته‌ندروستی كاریگه‌ری ته‌واوی له‌سه‌ر دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش هیچ پاساو و بیانویه‌ك هه‌ڵناگرێت و پێویسته‌ كار به‌یه‌كێك له‌و دوو شێوازه‌ بكرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ په‌كبخرێت.

Back to top button