تەواوی وردەكاریەكانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
کۆی دەنگی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بوو بێ ئەوەی دەستکاری بکرێت .
هەنگاو نان بۆ بەردەوامی و جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بڕیارێکی دیکەی کۆبوونەوەیەکی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بوو
هاوکات مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە ە دەڵێت ،ئەرکی سەرەکی ئێستای حکومەتی هەرێم پاراستنی ژیان وسەلامەتیی خەڵکە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابینکردنی خۆراک و دەرمان و مووچەیە و بە هەموو تواناشەوە هەوڵی بۆ دەدەیین .
کۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکومەتی هەڕیمی کوردستان و ئامادە بوونی جێگری سەرۆکی حوکمەت قوباد تالەبانی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەرێوە چوو .
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێک دەربارەی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و لێکەوتە ئابوورییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و هەوڵەکانی ڕێکخستنەوەی داهات و خەرجییەکان لە هەرێمی کوردستان لە لایەن وەزیری دارایی و ئابووری و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پێشکەشکرا.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە سەڕەڕای کەمبوونەوەی رێژەیەکی زۆری داهاتەکانی هەرێمی کوردستان بەڵام حکومەت هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی کەمترین زیان بە هاووڵاتییان بگات. گوتیشی کاری ئێستای حکومەتی هەرێم پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان و دابینکردنی خۆراک و دەرمان و مووچەیە .
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و گرنگیدان بە سەرجەم کەرتەکانی ئابووری بەتایبەتی کشتوکاڵ، بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە. بۆیە ئێستاش زیاتر جەخت لە گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ دەکەینەوە و لەمبارەیەوە پشتیوانیی لە هەوڵەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەکەین.
ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاریدا کە بەرنامەی ئەنجومەنی وەزیران دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت و دەستکاری نەکردنیەتی، هەروەها ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریاندا نیوەی مووچە و دەرماڵەی دوومانگی خۆیان ببەخشن بە گەنجینەی حکومەت بۆ ئەوەی بە سەر خەڵکانی کەمدەرامەت دابەش بکرێت .
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا رەشنووسی پەیڕەوی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە (2) ی ساڵی 2020 خرایە روو. ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە گرنگیی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کردەوە بە ئاڕاستەی زامنکردنی شایستەداراییەکانی مووچەخۆری شایستە و لە دوای گفتوگۆ بە کۆی دەنگ پڕۆژەی پەیڕەوەکە پەسەند کرا بە چەند گۆڕانکارییەکەوە.
سەرۆکی حکومەت لیژنەیەکی یاسایی لە ئەنجومەنی وەزیران راسپارد بۆ ئەوەی میکانیزمی یاسایی بدۆزنەوە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی لە سەر شانی خەڵکی کاسبکار وکرێچی کە بەهۆی رێکارەکانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانیان بەرکەوتووە.
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا پێشنیاری وەزیری دارایی وئابووری و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پەسەند بکات کە خەرجی بەکاربردنی وەزارەتەکان و دامەزراوەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە و ئەولەویەت بدرێ بە دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزارییە گشتیە بنەڕەتییەکان وبڕیاریشدرا ھەرچی زووشە یاسای چاکسازیی بۆ کەمکردنەوەی خەرجی ناپێویست بخرێتە بواری جێبەجێکردن تا ئەنجامەکەی بخرێتەوە خزمەتی مووچەخۆرانی شایستە.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەردوو بەڕێزان وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی پلانی تەواوکاری خوێندنی ساڵی خوێندنی 2019 ـ 2020 یان خستەروو سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن و خشتەی تاقیکردنەوەکان. ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە نابێت خوێندنی ئەمساڵی قوتابیان بەفیڕۆبچێت و رەزامەندیدا لەسەر پێشنیاری فەراهەمکردنی خوێندن و فێربوون بەشێوازیی پاڵپشتیکار لە ڕێگای پرۆژەی خوێندنی ئەلیکترۆنی بۆ قوتابیان و خوێندکاران و بەردەوام بوونی پیادەکردنی شێوازی ئۆنلاین یان ئەلیکترۆنی لە ناوەندەکانی خوێندنی ناحکومی وەک شێوازی پاڵپشتیکار تاوەکو سەرجەم پێداویستی تەکنیکی وکارگێڕیی وقانونییەکانی خوێندنی ئۆنلاین لە هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.
دواتر بەڕێز وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی پوختی لەسەر بارودۆخی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای لە هەرێم خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای دەستخۆشی لە پزیشک وپەرستار و کارمەندانی تەندروستی و هێزەکانی ئاسایش و ئاسایشی ناوخۆ و و کارمەندانی شارەوانی و گشت یەکە ئیدارییەکانی هەرێم ، بڕیاریدا کە وەزارەتی تەندروستی پێداویستییەکان لە دەرمان و ئامێر و پێداویستیە پزیشکیيەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگارەکان و سەرۆکی ئیدارە سەربەخۆکان ئامادە بکات بۆ ڕووبەڕروبونەوەی قۆناخی ئێستا و پێشبینیکراویش .
ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی خۆڕاگریی و پابەندبوونی خەلکیشی کرد لەمبارەیەوە و داوایکرد بەردەوام بن.