ژمارەیەك ئەفسەری پێشمەرگە بەتۆمەتی بازرگانی لەگەڵ داعش دەستگیر كران
خواكوڕك
بەپێی نووسراوێك كە میدیاكانی یەكێتی بڵاویان كردۆتەوە، ژمارەیەك ئەفسەری پێشمەرگە لە محوەری داقووق، بە تۆمەتی بازرگانی لەگەڵ داعش دەستگیر كران.
هەر بە پێی ئەو نووسراوانەی دەستی خواكوڕك كەوتووە، كە بەژمارەی 2142 ی لیوای 9ی پیادەی هێزی پێشمەرگە بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگریی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە كراوە، تێیدا ناوی 7 داواکراو بەرز کراوەتەوە کە بە هاوکاریکردنی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش تۆمەتبار کراون، لە نێویاندا 3 موقەدەم و 3 نەقیب و مولازمی یەکەمێک هەن و ئەرکەکانیان فەرماندەی سریە، جێگری میرە، جێگری هەواڵگری، یاریدەدەری فەوج و فەرماندەی فەسیڵە”.
وەك لە نووسراوەكەدا هاتووە، دوای گەیشتنی زانیاریی هەواڵگری لەبارەی بوونی چەند ئۆتۆمبێلێکی نەناسراو لە نزیک تەپەی دووسەر لە میحوەری داقووق، هێزێکیان پێکهێناوە و بینیویانە کە فەرماندەی سریەی 1ی فەوجی دوو لەگەڵ ئەفسەری کارگێڕیی هەمان فەوج، بە ئۆتۆمبێلی وەزارەتی پێشمەرگەوە لە شوێنێک بوون و دواتر بەدووری چەند مەترێك، هەندێک پێداویستیی ئۆتۆمبێل و سووتەمەنی و خواردن دۆزراوەتەوە. هەروەها لە نزیک ئەو شوێنە، چەند کەسێک هەبوون کە هێزەکەی پێشمەرگە هەوڵی داوە تەقەیان لێ بکات، بەڵام فەرماندەکەی پێشمەرگە ڕێگری کردووە، بەو بیانووەی کە ئەوانە پێشمەرگەن و بۆسەیان بۆ داعش داناوەتەوە، بەڵام دواتر دەرکەوتووە کە ئەو کەسانە قاچاخچیی داعش بوون.
لە نووسراوەكەدا هاتووە ئەو فەرماندانە چەندین كەلوپەلیان بۆ داعش ناردووە، پاشان دەستی بەسەر داگیراوە، وەك لە نووسراوەكەدا هاتووە،ئەو کەلوپەلانەی لەو شوێنەدا دەستیان بەسەردا گیراوە، بریتین لە فیول پەمپ و بوشی تویوتا هیلۆکس و گوجل پیم، جۆزەی گەرمی، فیول پەمپی دەرەکی، نۆزڵی گاز، پلاکی ئۆتۆمبێل، چبنەی پستن و ڕینگۆ، تاقم بەگن بیرن، تاقم ڕینگ. هەروەها جلیکانی بەنزین و ڕۆنی مەکینەی ئۆتۆمبێل، دۆشاوی خورما، دۆشاوی تەماتە، تایت، برنج، نیسک و شەکر.