په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ یادی جینۆسایدكردنی كوردانی فه‌یلیدا

به‌ بۆنه‌ی چڵ ساڵه‌ی جینۆسایدی و تاوانی راگواستنی كوردانی فه‌یلیدا، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی راگه‌یاند، له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمدا هاتووه‌، ڕاگواستن و ‌ده‌ركردنی سه‌تان هه‌زار كوردی فه‌یلی و بێسه‌روشوێنكردنی ده‌یان هه‌زاری دیكه‌یان، ده‌ستبه‌رسه‌رداگرتنی موڵك و ماڵ و لێسه‌ندنه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زنامه‌یان ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كوردن و پشتگیرییان له‌ شۆڕش و مافه‌كانی گه‌له‌كه‌یان كردووه‌، به‌ هه‌موو مانایه‌كی وشه‌ جینۆسایدێك بوو به‌رامبه‌ر به‌ كوردانی فه‌یلی ئه‌نجام درا.

هه‌روه‌ها له‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، له‌م یاده‌دا و به‌و پێیه‌ی ئه‌م تاوانه‌ی به‌عس به‌رامبه‌ر كوردانی فه‌یلی له‌لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراقه‌وه‌ به‌ جینۆساید ناسراوه‌، دووباره‌ داوا له‌ حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ینه‌وه‌ قه‌ره‌بووی كوردانی فه‌یلی بكاته‌وه‌ و ئه‌ركی یاسایی و ئه‌خلاقیی خۆی به‌جێ بگه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها كێشه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زنامه‌ و ملك و ماڵه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكات

 

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ یادی جینۆسایدكردنی كوردانی فه‌یلیدا

له‌ یادی چل ساڵه‌ی جینۆساید و تاوانی ڕاگواستن و بێسه‌روشوێنكردنی كوردانی فه‌یلیدا كه‌ یه‌كێكی دیكه‌ بوو له‌ زنجیره‌ی تاوانه‌كانی ڕژێمی به‌عس به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی كورد، سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردی فه‌یلی داده‌نه‌وێنین و به‌ ڕێز و شكۆوه‌ یادیان ده‌كه‌ینه‌وه‌.

ڕاگواستن و ‌ده‌ركردنی سه‌تان هه‌زار كوردی فه‌یلی و بێسه‌روشوێنكردنی ده‌یان هه‌زاری دیكه‌یان، ده‌ستبه‌رسه‌رداگرتنی موڵك و ماڵ و لێسه‌ندنه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زنامه‌یان ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كوردن و پشتگیرییان له‌ شۆڕش و مافه‌كانی گه‌له‌كه‌یان كردووه‌، به‌ هه‌موو مانایه‌كی وشه‌ جینۆسایدێك بوو به‌رامبه‌ر به‌ كوردانی فه‌یلی ئه‌نجام درا.

له‌م یاده‌دا و به‌و پێیه‌ی ئه‌م تاوانه‌ی به‌عس به‌رامبه‌ر كوردانی فه‌یلی له‌لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراقه‌وه‌ به‌ جینۆساید ناسراوه‌، دووباره‌ داوا له‌ حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ینه‌وه‌ قه‌ره‌بووی كوردانی فه‌یلی بكاته‌وه‌ و ئه‌ركی یاسایی و ئه‌خلاقیی خۆی به‌جێ بگه‌یه‌نێت، هه‌روه‌ها كێشه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زنامه‌ و ملك و ماڵه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكات.

دروود بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردی فه‌یلی و ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان.
سڵاو و ڕێز بۆ خانه‌واده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانیان.
نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
6/4/2020

Back to top button