به‌یاننامه‌یه‌ك له‌ سه‌ندیكای پزیشكانی كوردستان

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ سلێمانی هێزێكی ئه‌منی پزیشكێكیان له‌ كاتی چوون بۆ ئه‌رك راگرت دوای ده‌مه‌قاڵێی نێوان هه‌ردوولا له‌ پزیشكه‌كه‌ درا، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی دڵگرانی پزیشكان و كارمه‌ندانی پزیشكی كه‌ له‌ ئێستادا له‌ شه‌ونخونی و ماندووبوونی زۆر دان به‌ هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

رووداوه‌كه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌ندیكای پزیشكانی كوردستان راگه‌یێندراوێك بڵاو بكه‌نه‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نن بەداخەوە كە ھەندێك جار لێرە ولەوێ گوێبیستی بێڕێزی و رێگەگرتن دەبین لە پزیشكان لەكاتی چوونە سەركار و گەڕانەوەیان بۆ ماڵەكانیان، تازەترینیان ئەو بێڕێزی و ئازاردانەیە كە بەرامبەر ھاوپیشەیەكمان ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی كراوە.

 

دەقی بەیاننامەی سەندیكای پزیشكانی كوردستان:  

بەیاننامە ‎بۆ بەڕێز وەزیری ناوخۆ

بۆ بەڕێزان لە لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا

‎لەگەڵ سەرھەڵدانی پەتای كۆڤید 19 پزیشكانی كوردستان ھاوشانی كارمەندانی تەندروستی و ھێزە ئەمنییەكان پێشمەرگە ئاسا وەكو جەنگاوەری ھێڵی یەكەمی ئەم جەنگە شەو و رۆژ لە خزمەتی ھاووڵاتیانی ھەرێمەكەماندا، بە بەردەوامی و بێ وچان گیانی خۆیان و خێزانەكانیان خستووەتە مەترسییەوە، تاوەكو چارەسەری تووشبووان و ھاوكاری ھاووڵاتیان بكەن و رێگری لە زیاتر بڵاووبوونەوەی ئەم پەتایە بکەن.

‎بەڵام بەداخەوە كە ھەندێك جار لێرە ولەوێ گوێبیستی بێڕێزی و رێگەگرتن دەبین لە پزیشكان لەكاتی چوونە سەركار و گەڕانەوەیان بۆ ماڵەكانیان، تازەترینیان ئەو بێڕێزی و ئازاردانەیە كە بەرامبەر ھاوپیشەیەكمان ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی كراوە.

‎ھەر لەسەرەتای حاڵەتەكەوە وەكو سەندیكا ھاتوینەتە سەرخەت لەگەڵ بەڕێزان پارێزگاری سلێمانی و بەڕێز بەڕێوبەری گشتی تەندرووستی سلێمانی و بە سوپاسەوە ئەوانی بە دەنگمانەوە ھاتوون و ھەوڵی جددیان داوە بۆ چارەسەركردن و دیاریكردنی ئەو كەسەی كە بێ ڕێزییەكەی ئەنجام داوە و بەڵێنیان پێداین كە سزای سەرپێچیكارەكە دەدەن.

‎ئێمە دەزانین كە زۆربەی برایانمان لە ھێزەكانی ناوخۆ و ئاسایش و پێشمەرگە، بەوپەڕی رێزەوە لەگەڵ ھاووڵاتیان بە گشتی و پزیشكان بە تایبەتی مامەڵەیان كردووە، بەڵام بەداخەوە ژمارەیەكی زۆر كەم دەیانەوێت بە مەبەست ئازاری ھاوپیشەكانمان بدەن، كە نازانین ھۆكار چییە.

‎لێرەوە وەكو سەندیكا داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین، كەرامه ت و سەلامەتی گیانی پزیشكانی کوردستان بپارێزن و سنوورێك بۆ ئەم جۆرە ھەڵسوكەوتانە دابنێن، چونكە پزیشكان لە ھێڵی یەكەمی بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایەن.

داوا لە بەڕێزتان دەکەین بە بڕیار و ڕێنمایەکانتاندا بچنەوە سەبارەت بە پزیشکان، پزیشکان ئازادانە و تەنها بە ناسنامەی سەندیکای پزیشکان و وەزارەتی تەندروستی ڕێگەپێدراوبن بۆ هاتوچۆ .

‎بەھەمان شێوە داوای خۆڕاگری وپابەندبوون لە سەرجەم ھاوپیشەكانمان دەكەین، كە نابێت ھیچ جۆرە ھەڵسوكەتێكی ناڕەوا كار بكاتە سەر جێبەجێكردنی كارەكانمان و ساردمان بکاتەوە لە خزمەتی گەل و وڵاتەكەمان.

‎دووبارە و سێبارە داوا لە ھاوڵاتییان دەکەین، پابەندی رێنماییەكان بن و لەماڵەكانیان بمێننەوە

سەندیکای پزیشکانی کوردستان

٦/٤/۲٠۲٠

Back to top button