یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشوازی لە راگەیاندراوەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات   لەبارەی

ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بارەی بەربژێرکردنی مستەفا کازمی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە.

 

لە ڕاگەیاندراوێکدا مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئاشکرای دەکات ، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی کوردستان لە گەڵ  لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی بە تەلەفۆن قسەیان کردووەو ڕێکەوتوون لە سەر ئەوەی لە گەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێم گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی هەموو لایەنێک پشتیوانی ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆکی هەرێم بکەن سەبارەت بە ڕاسپاردنی مستەفا کازمی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وزیرانی عێراق .

 

هاوکات مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات مستەفا کازمی لە رۆژانی ڕابردوودا پێوەندی بە لاهور شێخ جەنگییەوە کردووە بۆ ئەوەی پشتیوانی بکرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داواشی کردووە پشتیوانی هەموولایەنە سیاسییەکانی تری کوردستانیشی بۆ وەدەست بێنن .

 

وەک باس کراوە کازمی دۆستی کوردەو بەڵێنیشی داوە لە ئەگەری پێدانەی متمانەدا ، بە پێی دەستوور مافەکانی کورد دەستەبەر بکات لە عێراقدا

 

 

دەقی راگەیێندراوی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

 

ئەم دۆخە سەخت و دژوارەی وڵاتە ئازیزەكەمانی پێدا تێدەپەڕێ، لە هەموومان دەخوازێ ناكۆكیيەكانمان بەلاوە بنێین، هەرچی زووترە لەسەر میكانیزمێك بۆ پێكهێنانی حكوومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور و لەسەر بنەمای سازانێكی ڕاستەقینە ڕێكبكەوین كە سەقامگیری و بەتواناییی حكوومەتەكە لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیدا مسۆگەر بكات. گرنگترین ئەركیشی لەم قۆناغەدا، بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسی و قه‌یرانانه‌یه‌ كە ڕووبەڕووی عێراق بوونەتەوە.

 

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕوانگه‌ی باوەڕی بە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ئامادەیی بۆ كاری جددی لەو پێناوەدا، پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بە پشتیوانیی هەموو لایەنە نیشتمانییەكان زۆر بە پێویست دەزانێ. لەو پێودانگەوە پێشوازی لە كاندیدكردنی بەڕێز مستەفا كازمی دەكەین بۆ پۆستی سەرۆكی وەزیرانی حكوومەتی فیدراڵی لەلایەن هێزە سیاسییەكانی پێكهاتەی شیعەوە. داوا لە هەموو لایەكیش دەكەین پشتیوانی بكەن تا بە زووترین كات ئەركەكانی پێكهێنانی حكوومەت تەواو بكات.

 

خوای مه‌زن پشتیوانمان بێت.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

چوار شەممە

Back to top button