بڕیاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا له‌ باره‌ی خوێندن و ده‌وامی ئه‌مساڵه‌وه‌

 

ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ چوارشەممە بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەن، کۆبونەوەی ژمارە (٤)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی ئاسایی خۆی بە شێوازی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەرێوە برد .

 

لە دەستپێکی کۆبونەوەکەداویرای ڕێز بۆ گیانی پاکی شەهیدانی میحوەری کوڵەجۆ و هەمووشەهیدانی کوردستان وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە سەر دۆخی ئێستای کوردستان لە سەردەمی  بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنادا وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵی بێوچانی دەسەڵات لەم بوارەدا ، پشتیوانی تەواوی وەزارەتی خوێندنی باڵای بۆ سەرخستنی هەنگاوەکانی حکومەت دوپاتکردەوە.

 

 

هەر لە کۆبوونەوەکەدا د. ئارام محمد قادر سوپاسی هەموو زانکۆکانی کوردستان کرد بۆ بەشداری و پشتگیریان لە سەرخستنی ڕێکارەکان و ڕێماییەکانی  حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی  لە پلانی بەرەنگاری ڤایرۆسی کۆرۆنا .

 

هاوکات سوپاسی تایبەتی خۆی  ئاراستەی ئەو زانکۆیانە کرد کە بەپێی توانا لە هەموو بوارەکاندا و بەپێی زانستی پزشکی  لە پرۆسەی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەو دابینکردنی مادەی پێویست بۆ تێستەکان و پێکهێنانی تیمەکانی ڕاوێژکاری و هۆشیاری تەندروستی پشتیوانی دامەزراوەکانی وەزارەتی تەندروستیانکردووە .

 

لە بەشێکی تری قسەکانیدا وەزیری خوێندنی باڵا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە سوپاسی کۆمەلانی خەڵکی کوردستانیش بکرێت کە زۆربەیان پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بوون .

لە کۆتایی و  بەشی هەرە گرینگی کۆبوونەوەکە ، کە تایبەت بو بە دیراسەکردنی بژاردەکانی بەردەم زانکۆکانی کوردستان بۆ چۆنیەتی بەردەوامی پرۆسەی خوێندنی ٢٠١٩/٢٠٢٠ هەموو زانکۆ حکومییەکان و زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان ڕاپۆرتی خۆیان  دەربارەی ئامادەکاریەکان پیشکەش بە ئەنجومەنی وەزارەت کرد.

 

دوای هەڵسەنگاندنی هەموو پێشنیارەکان ، ئەنجومەنی وەزارەتی خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەند بڕیارێکی دەرکرد .

 

دەقی بڕیارەکان

 

ئەنجومەنی وەزارەت دڵنیایی دەداتە هەمو قوتابیان و خوێندکارانی کوردستان و کەسوکاریان کە ساڵی خوێندنی (٢٠١٩-٢٠٢٠) بەفیڕۆ ناچێت و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخەکە ڕێکاری زانستی پێویست دەگیرێتە بەر بۆ پاراستنی پرۆسەی خوێندن.

 

 

 

زانکۆکان بەردوام دەبن لە ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەوەی ئەگەر هەتا ڕێکەوتی (٢/٥/٢٠٢٠) نەتوانرا خوێندنی ئاسایی نێوکامپەس دەستپێبکاتەوە ئەوا خوێندنی ئەلکترۆنی بە شیوازی (پاڵپشتکاری) دەستپێدەکات بەمەبەستی تەواوکردنی ئەو بەشە کەمەی پرۆگرامی خوێندنی ئەمساڵ کە نەخوێنراوە.

 

 

 

لە حاڵەتی پیادەکردنی خوێندنی ئەلکترۆنی بە شێوازی (پاڵپشتکاری)، ئەوا لە چوارچێوەی سەربەخۆیی زانستی و ئەکادیمی دەستەڵات دەدرێتە زانکۆکان بۆ ئەوەی سەربەست بن لە بەکارهێنانی هەر جۆرە پلاتفۆرم و ئەپلیکەیشنێک کە لەگەڵ تایبەتمەندێتی زانکۆکانیاندا دەگونجێت بۆ جێبەجێکردنی سیستمی ناوبراو.

 

 

 

وەزارەتی خوێندنی باڵا هاوکاری زانکۆکان دەبێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفت و ئاڵنگاریانەی کە دێنە بەردەم جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە.

 

 

 

ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کە پێشتر دەستیان بە پڕۆسەی خوێندنی باڵا (دبلۆم/ ماستەر/ دکتۆرا) کردووە و لە قۆناغەکانی (کۆرسات، توێژینەوە، گفتوگۆی نامە)-دان ئەوا بە هەمان ‌شێوازی خوێندنی ئەلکترۆنی درێژە بە پرۆسەی خوێندن دەدەن. هەروەها ئەو قوتابی و خوێندکارانەی کە پێویستیان بە بەکارهێنانی تاقیگەی هەبێت، دوای ڕەزامەندی سەرۆکایەتی زانکۆ، هاوکاری دەکرێن بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان لە تاقیگەکان ئەنجام بدەن بەمەرجی پابەندبوون بە رێکارە تەندروستییەکان.

 

 

 

زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیش بەهەمان شێوازی زانکۆ حکومییەکان پێویستە پاپەندبن بە جێبەجێکردنی تەواوی خاڵەکانی سەرەوە.

 

 

 

(دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیای جۆری) و (فەرمانگەی خوێندن و پلان دانان و بەدواداچوون) لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژیەوەی زانستی بەدواداچوونی بەردەوام دەکەن بۆ دڵنیابوون لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی خوێندنی ئەلکترۆنی.

 

 

 

 

 

وەزاەرتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکات کە لە ڕێگەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن داوا لەسەرجەم کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت بکرێت کە پاکێجی تایبەتی ئینتەرنێت بدەن بە زانکۆکان و مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابییان بەشێوەیەک کە خێرایی و نرخەکەی گونجاو بێت و ئەڕکی سەرشانییان کەم بکاتەوە.

 

 

 

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕێگای ئەنجومەنی وەزیرانی بەڕێزەوە کار دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە یاسایی و داراییانەی کە دێنە ڕێگای جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە.

 

 

 

ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

Back to top button