ڤایرۆسی كۆڕۆنا له‌ نێو خانه‌واده‌ی شای سعودیه‌ بڵاوده‌بێته‌وه

عەرەبستانی سعوودیە تا دێت رێكارەكان بۆ خۆپارێزی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا توندتر دەكرێن، چاوەڕوان دەكرێت حەجی ئەمساڵیش هەڵوەشێتەوە. تا ئێستە 150 كەس لە بنەماڵەی پاشایەتی ئه‌و وڵاته‌ ڤایرۆسەكەیان گرتووە و پاشا و جێنشینیش لە دوو شوێنی جیاواز خۆیان كەرەنتین كردووە.

رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، بەرپرسانی سعودیه‌ لە نەخۆشخانەی شا فەیسەڵ، کە چارەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەی شاهانەی لە ئەستۆیە، بڵاوی کردووەتەوە، 500 قەرەوێڵە بۆ حاڵەتی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لەنێو بنەماڵەی شاهانە، لە نەخۆشخانەکە دابین کراوە.

لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی دووجار باس له‌وه‌كراوه‌، دوو سەرچاوە باسیان لەوە کردووە، کە شازادە فەیسەڵ بن بەندەر بن عەبدولعەزیز ئال سعود، ئەمیری ریاز تووشی کۆرۆنا بووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکە و لە بەشی چاودێڕیی چڕ خەوێندراوە.

هەر لە راپۆرتی رۆژنامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعودی شای وڵات لە کۆشکێکی نزیک شاری جەددە خۆی دابڕیوە و محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینیش لەگەڵ ژمارەیەك وەزیر، چووەتە شوێنێکی دیکەی پارێزراو لە کەناری دەریای سوور.

تاكو ئێستا نزیكه‌ی سێ هه‌زار حاڵه‌تی تووشبون به‌ ڤایرۆسی كۆڕۆنا له‌ سعودیه‌ تۆماركراوه‌ و له‌م ژماره‌یه‌ش 41 كه‌س مردوون.

 

Back to top button