زورفى دەکشێتەوە و مستەفا کازمى بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق رادەسپێردرێت

بڕیارە ئەمڕۆ لە وتارێکدا عەدنان زورفى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى عێراق بکشێتەوە و مستەفا کازمی بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێردرێت.

سەرچاوەکانى هەواڵ باس لەوە دەکەن، دوای رێککەوتنی کوتلە شیعەکان لەسەر کاندیدکردنی مستەفا کازمی بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ عەدنان زورفی لە گوتارێکدا دەستبەرداری راسپاردنەکەی بێت.

عەلا روبەیعی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق بەئامادەبوونی کوتلە سیاسییە شیعەکان، مستەفا کازمی بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێرێت.

ناوهێنانى مستەفا کازمى وەک کاندیدێک بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى عێراق لە کاتێکدایە، کە لە رۆژى (17/3/2020)ـەوە عەدنان زورفی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێى حكومەتی عێراق لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە راسپێردراوە، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە پشتگیری لایەنەکان بەدەستبهێنێت.

 

Back to top button