لاهور و کۆرونا.. چەند نهێنیەك

ئاماژەکانی دوو هەفتەی رابردوو ئەو راستییە دەخەنە روو کە لاهور تالەبانی لە پێگەی حیزبەکەیەوە وەکو “هاوسەرۆکی” یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەیەوێت وەک جێگرەوەی بەرێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی و بازرگانی و قایمقامەکان دەست بە کاربێت و لە جیاتی هەموویان بریار بدات. بۆیەش لە٣/٢٧سەردانی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کرۆنای کرد و وەکو قایمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی و بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی هەلسوکەوتی کرد و بریاری لە جیاتی دان. دواتر لە ( ٣/٣٠) سەردانی دەربەندیخانی کرد و لە ئاستی ئیدارەی خۆجێیی مامەلەی کرد. زۆر لە چاودێران پرسیاری ئەوە دەکەن ئاخۆ لاهور شێخ جەنگی لە چ پۆستێکی پەیوەندیدار دایە یاخود سەر بە کام وەزارەتی حکومەتە تا سەردانی ئەو شوێنانە بکات خۆ لە بنەرەتدا جگە لە کارمەندانی رێگەپێدراوی پەیوەندیدار هیچ بەرپرسێکی تر رێگەپێدراو نەبوو سەردانی ئەو شوێنانە بکات لە بەر قەدەغەی هاتووچۆ. بەرپرسێکی حزبی بە پێی چ یاسایەک دەتوانێت وەک قایمقامێک مامەلە بکات. هەروەها دانیشتنی ناوبراو لە ( ٣/٢٨) لە گەل بازرگانان و راسپاردنیان بۆ هاوکاری ناردن بۆ کۆمیتەکانی حزبەکەیان بابەتێکی ترە کە رەنگە بەرێزیان بیریان لەوە کردبێتەوە تا بە دابەش کردنی لە رێگەی کۆمیتەکانیان بە سەر خەلکیدا، ناچاریان بکات بچنە ریزی ئەو حزبە و وەکو کەرەستەیەک بۆ بانگەشەی حزبەکەیان بەکاری بهێنێت.

سەرباری ئەوەی کە خەلکی هەرێمی کوردستان دلخۆشن بەو هەموو رێ و شوێنانەی کە لە هەرێمی کوردستان لە لایەن دام و دەزگاکانی هەرێم گیراونەتە بەر بۆ خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا بەلام هێشتا هەندێک کەس کە خۆیان بە بەرپرس دەزانن، یا لە مەترسی ئەو پەتایە تێنەگەیشتوون یاخود دەیانەوێت بازرگانی بە تەندروستیی هاولاتیان بکەن و ژیانیان بخەنە مەترسییەوە. لە سەرەتای پەیدابوونی مەترسی کۆرۆنا COVID-19 حکومەتی هەرێم رێ و شوێنی خۆپارێزیی گرتەبەر و بریاری داخستنی سنوورەکانی دا بە رووی ئەو ولاتانەی کە پەتاکە تیایدا سەری هەڵدا بەلام بە بێ گەرانەوە بۆ دەسەلاتی ئیدارەی سلێمانی گروپێکی حزبی سەر بە لاهور تالەبانی رێگەی بە هاتنە ژوورەوەی ژمارەیەکی زۆری خەلکی دا کە لە ئێران و وڵاتانی تر بگەرێنەوە و بە بێ کەرەنتین رەوانەی مالەوە کران بۆیەش خەلکێکی زۆری ناوچەکە تووشی ئەو نەخۆشییە بوون و بە داخەوە سێ هاولاتی لە ئەنجامی ئەو بێ پلانییەدا گیانیان سپارد.

بە پێی رێنماییەکانی دامەزراوە تەندروستیەکانی هەرێمی کوردستان و پێداگریی دەسەلاتی ئیدارەی سلێمانی توانرا سیستمی کەرەنتین لە سلێمانی پەیرەو بکرێت بەلام ئەوەش رێگر نەبوو لە دەستێوەردانی گروپە حزبییەکەی لاهور شێخ جەنگی و چەندان کەسی تووشبوو بە نەخۆشیەکە بە بێ تۆمارکردن لە سیستمی تەندروستی سلێمانی رەوانەی مالەوە کران. دەکرێت وەکو نموونەی بەرجەستەی ئەو شێوازە ئاماژە بە ناوی بۆتان علی فتاح بدرێت کە برازای عمر فتاح/ە و لە دەرەوەی ولات گەرایەوە، دوای ئەوەی کە لەگەل باوکی خۆی و ئەندامانی خێزانەکەیان و خەلکی تر بەرکەوتنیان هەبوو، باوکی ناوبراو و ژمارەیەک کەسی تر تووشی ئەو ڤایرۆسە (COVID-19) بوون بەلام لە لایەن گروپەکەوە ئاگادار کران کە نابێت ناویان تۆمار بکرێت و پێویستە لە مالەکانیان بمێننەوە.

هەروەها کورێکی محمود سەنگاوی بە ناوی کاروان لە گەل ١٢ کەسی تر لە ئێران گەرانەوە و بە بێ گرتنەبەری هیچ رێ و شوێنێکی تەندروستی و ئیداری رەوانەی مالەوە کران. ئەوەش وا دەردەخات کە گروپە حزبیەکەی سەر بە لاهور تالەبانی مەبەستیانە بازرگانی بە تەندروستی هاوولاتیان بکەن لە لایەک راستگۆ نەبن لە گەل هاوولاتیان و بابەتەکان بە شاراوەیی بە جێ بهێلین و لە لایەکی تر کۆنترۆلی سیستمی تەندروستی سلێمانی بکەن و لەو رێگەیەوە دەستکەوتی ماددی و مەعنەوی بە دەست بهێنن.

لێرەدا زیانمەندی سەرەکی هاولاتیانی کوردستانن کە ئەو شێوازەی شاردنەوەی راستییەکان هەم رێگر دەبێت لە بەردەم چارەسەری و هەم وا دەکات هاوولاتیان زیاتر بکەونە بەر مەرترسی تووشبوون بەو پەتایە و رەنگە حکومەتیش ئەو کاتە. نەتوانێت بە ئەرکی خۆی هەلبستێت. بۆیە هاوولاتیان و حکومەتیش مەرجە لەو مەترسیە ئاگادار بن و مشوورێکی لێ بخۆن.

Back to top button