نامه‌یه‌كی ئاشتی هه‌ورامی بۆ وه‌زیری ووزه‌ی توركیا ئاشكرا ده‌بێت

خواكوڕك

ده‌قی نامه‌یه‌كی ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان بڵاوده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌ 19/3/2016 بۆ وه‌زیری وزه‌ی توركیا ره‌وانه‌ی كردووه‌ و داوای بڕه‌پاره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر ده‌كات.

نامه‌كه‌ كه‌له‌لایه‌ن مالپه‌ڕی رووداو وه‌رگێڕدراوه‌ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ هاتووه‌، “بە هەمان شێواز كە قەرزەكانی ئێستا دراونەتە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم 3.740 ملیار دۆلارەش بە قەرز بدرێتە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام رەنگە پێویست بكات بەرنامەیەكی روونتر بۆ دانەوەی قەرزەكان دابنرێت”.

ده‌قی نامه‌كه‌:
لایەنی توركی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2012ەوە كۆمەڵێك پەیوەندی دوولایەنە، ستراتیژی و درێژخایەنی بەهێزیان دامەزراندووە، كە یەكخستنەوەی بەرژەوەندییەكانیان لەمەڕ زۆر پرسی پەیوەندیدار بە بەرژەوەندی هەردوولایەن لەخۆدەگرێت. ئەم هاوكارییە، لە پاڵ هەموو شتەكانی دیكەدا، رێگەی خۆش كرد بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی سەربەخۆ نەوتی خۆی هەناردەی بازاڕە نێودەوڵەتییەكان بكات.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، زۆر كێشەی ئابووری روویاندا كە رۆڵیان هەبووە لەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕووی بودجەوە تووشی زەحمەتی ببێت. شكانی نرخەكانی نەوت لە 2015 كاریگەری ئەم كێشانەی زیاتر كرد. ئەمە جگە لەوەی هێرشی داعش، لێشاوی پەنابەرانی سووریا و ئاوارەكانی عێراق، بووە هۆی تێكشكانێكی سەختی ئابووری لە هەرێمی كوردستان. لایەنی توركی كە هەستی بەم رەوشە سەختە كردووە، ماوە ماوە یارمەتی دارایی راستەوخۆی پێشكەشی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، هەروەها رەزامەندیشی دەربڕیوە كە دانەوەی مافەكانی كۆمپانیای وزەی توركیا (TEC) بۆ كاركردنی لەسەر بۆڕی كەركووك – جەیهان و خزمەتگوزارییەكانی دیكەیTEC كە لە بەندەری جەیهان پێشكەشی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان دەكات، دوابخرێن.

تائێستا، كۆی گشتی ئەو قەرزەی لایەنی توركی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانی داوە 1.150 ملیۆن دۆلار بووە (قەرزەكەش بە سێ قیست دراوە: دوو جار بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار و جاری سێیەمیش 150 ملیۆن دۆلار). بۆ قەرزی یەكەمیان ئاماژە بەهیچ سوودێك نەدراوە، بەڵام بۆ قەرزی دووەم و سێیەم رێككەوتن لەسەر سوودێكی نزیك لە 5% بۆ 6% كراوە. هەر لە سەرەتاوە، هەردوولا جۆرە تێگەیشتنێكیان هەبووە كە قەرزەكە یان بە شت یان كەلوپەل بدرێتەوە (وەك پێدانی سامانی نەوت و غاز) یان بە پارە بدرێتەوە. جگە لەم قەرزانە، كۆی گشتی قەرزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە TEC خۆی لە 514 ملیۆن دۆلار دەدات، ئەم قەرزەیان پەیوەندی بەو خزمەتگوزارییانەوە هەیە كە TEC پێشكەشی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە، ئەم قەرزە مانگانە زیادیش دەكات.

هاوكاریی زیاتر پێویستە

جگە لەم قەرزانەی سەرەوە، ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە یارمەتی دارایی زیاتری لایەنی توركییە، ئەمە بە تایبەتی بۆ ئەم بابەتانەی خوارەوەیە:
1- دانی هەقدەستی بەڵێندەرە توركەكان: هاوكاریی نێوان ئەم دوو لایەنە (واتە لایەنی توركی و كوردی) رێگەی بۆ كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتی توركیا كردەوە كە بۆ زۆر پڕۆژەی ئاوەدانكردنەوە، گرێبەست لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن، بەڵام بەهۆی تێكچوونی رەوشی ئابووریی هەرێمی كوردستان، بەڵێندەرە توركەكان لە بەشی هەرە زۆری 2014 و 2015 هەقدەستی خۆیان وەرنەگرتووە. ماوەیەكە كاركردن لەسەر نزیكەی هەموو پڕۆژەكان هەڵپەسێردراوە، بۆیەش حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە 800 ملیۆن دۆلار قەرزی دەمودەست و یەك ملیار دۆلار قەرزی دیكەیە لە ماوەی 18 مانگی داهاتوودا، بۆ ئەوەی هەقدەستی كۆمپانیاكانی پێ بدرێتەوە و دەست بە كاركردن لەو پڕۆژە گرنگانە بكرێتەوە.

2- پڕۆژەی غازی چەمچەماڵ و كۆرمۆر: لەبەر كۆمەڵێك هۆكار، لەوانەش كێشەی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆمپانیای سەركار لەم دوو كێڵگەیە هەقدەستی خۆیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرنەگرتووە كە بەگوێرەی كۆمپانیای سەركار بڕێكی زۆر زۆرە، تەنانەت بەگوێرەی حیساباتی حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی بەپارەكراوی نزیكەی 700 ملیۆن دۆلارە، كە لە كۆمپانیاكە گیراوەتەوە، ئەمەش دەبێ لە داهاتوویەكی نزیكدا چارەسەر بكرێت، یان بەشێوازی قیست لە ماوەی 9 بۆ 12 مانگی داهاتوودا بدرێت. بۆیەش حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی كاراكردنەوەی كۆمپانیای سەركار داوای هاوكاریی دارایی لەلایەنی توركی دەكات، بۆ ئەوەی پەرە بە بەرهەمهێنانی غازی ئەم كێڵگە بدرێت بەمەبەستی هەناردەكردن.

3- جێبەجێكردنی دروستكردنی بۆڕی غاز و نەوت: بەمەبەستی پێكەوە بەستنەوەی ئەو كێڵگانەی، وەكو كێڵگەی شێخان، بەتازەیی دۆزراونەتەوە، هەروەها بەمەبەستی بەرزكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و بۆ دروستكردنی بۆڕییەكی غازی ستراتیژیی نوێ بۆ هەناردەكردنی 20 بۆ 30 ملیار مەتر سێجا غاز لە پڕۆژەكانی چەمچەماڵ/ كۆرمۆر و میران/ بنەباوی. حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە تەرخانكردنی پارەیە بۆ ژێرخانی بۆڕیی غاز، ئەمەش بەتایبەتی بۆ ئەوەیە لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا پەرە بە سامانی غاز بدرێت. كۆی گشتی تێچووی ئەم بۆڕییانە بە نزیكەی 750 ملیۆن دۆلار مەزندە دەكرێت، بەڵام بۆ ئەم مەبەستە حكومەتی هەرێمی كوردستان سیستەمێك لەسەر بنەمای باج دادەنێت، بۆ ئەوەی بتوانێ سەرمایەی پێویست بۆ ئەم ژێرخانە دابین بكات. بەڵام كۆمپانیای سەركار كە لە خاڵی (2) ئاماژەی پێكراوە و داوای هەقدەستەكەی دەكات، دەبێ متمانەی ئەوەی پێبدرێت كە غاز دەڕوات و بۆڕی غازەكە دەتوانێ لە رێگەی باج داهاتێك بەدەست بهێنێ.

4- پێویستییەكانی دیكە: حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە نزیكەی 540 ملیۆن دۆلاری دیكەیە، وەك پشتگیرییەك بۆ كورتهێنانی بودجە و پاراستنی 20% لە قازانجی حكومەت لە كێڵگەی شێخان بەهۆی نەدانی هەقدەستی كۆمپانیاكانەوە. بە كورتییەكەی، جگە لە قەرزەكەی ئێستا و مافە نەدراوەكانی TEC، حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە 3.740 ملیار دۆلارە بۆ ئەوەی پارە بۆ ئەم پێویستییانەی سەرەوە دابین بكات، بۆیەش كۆی قەرزەكە دەكاتە 4.704 ملیار دۆلار.

رێگەی بەردەممان..

لایەنی توركی سێ بژارەی لەبەردەستە بۆ ئەوەی پشتگیرییەكانی خۆی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان فراوانتر بكات:

بژارەی یەكەم: بە هەمان شێواز كە قەرزەكانی ئێستا دراونەتە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم 3.740 ملیار دۆلارەش بە قەرز بدرێتە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام رەنگە پێویست بكات بەرنامەیەكی روونتر بۆ دانەوەی قەرزەكان دابنرێت، بۆ نموونە دەكرێ لە 2019ەوە دەست بە دانەوەی قەرزەكان بكرێت و لە 2021 قەرزەكان بە تەواوی درابنەوە.

بژارەی دووەم: پێدانی ئەو 3.740 ملیار دۆلارە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەو مەرجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕێكی دیاریكراو لە داهاتی هەندێك لە كێڵگەكانی نەوت و غاز، یان هەندێك بارە نەوت لە بەندەری جەیهان بداتە لایەنی توركی، بۆ ئەوەی گرەنتی ئەوە بكرێ كە قەرزەكان و ئەو سوودەی لەسەری رێككەوتووین بدرێنەوە، هەڵبەت لەم بژارەیەشدا رێككەوتن لەسەر خشتەیەكی زەمەنی دەكرێت.

بژارەی سێیەم: بەڵام لەجیاتی پێدانی بڕێكی دیاریكراو لە داهاتی سامانی نەوت و غاز، حكومەتی هەرێمی كوردستان پێی باشترە و پێشنیازی ئەوەش دەكات كە لایەنی توركی قازانجێكی درێژخایەنی لەم سامانانە (واتە سامانی نەوت و غاز) پێ بدرێت. لەم حاڵەتەدا لەگەڵ بەرزبوونەوەی قازانجی كێڵگەكان، قازانجی لایەنی توركیش بەرز دەبێتەوە، بەڵام لە هەمانكاتدا حكومەتی هەرێمی كوردستانیش گرەنتییەك بۆ حاڵەتەكانی دابەزینی كار و بەرهەمی كێڵگەكان دەداتە لایەنی توركی. بۆ نموونە گرەنتی ئەوە دەدرێتە لایەنی توركی كە كاری كێڵگەكان لە هیچ كاتێكدا لەو كەمترین ئاستە كەمتر نەبێت كە دواتر لە خاڵەكانی روونكردنەوەدا پێشنیازیان دەكەین.

رێككەوتنێكی دادپەروەرانە بۆ هەردوولا:

كۆمەڵێك خاڵ كە پێویستە بۆ هاوكاریكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو رووەوە لەبەرچاو بگیرێن:

یەكەم: ئەم قەرزانەی ئێستا تەنیا قازانجیان لەسەرە و مەرجی گوشار یان داوای دانەوەیان لەگەڵ نییە، مەگەر ئەوەی كە لە داهاتوودا رەوشی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان باشتر ببێت.

دووەم: پەیوەندی (لایەنی كوردی و لایەنی توركی) پەیوەندییەكی ستراتیژییە و تەنیا پەیوەندییەكی ئابووری نییە، پەیوەندییەكە بەدەر لە هەر پڕۆژەیەك بەردەوام دەبن، ئێمە دراوسێین و زیاتریش.

سێیەم: نابێ ئاكامی هیچ پشتگیرییەكی دارایی پێگەی هیچ كام لە لایەنەكان تێكبدات، سیناریۆیەك پێویستە كە هەردوولا تێیدا براوە بن، هەر بۆیە بڕیاربەدەستانی سیاسی هەردوولا دەبێ هەموو كات شانازی بە رێككەوتنەكەوە بكەن و بەرگری لە ئاكامەكەی بكەن.

چوارەم: گرنگ نییە لایەنی توركی خوازیاری كام یەك لە سێ بژارەكەی سەرەوە دەبێت، لەهەر حاڵەتێكدا لایەنی توركی كۆمەڵێك قازانجی راستەوخۆ لەم رێككەوتنە دەبینێ، بۆ نموونە لایەنی توركی بە خێرایی و بە ئاسانی دەستی دەگاتە 10 بۆ 20 ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی كە لە هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی بازاڕی توركیا دەكرێت (ئەمە لە درێژخایەندا دەكرێ زیاتریش بێت).

هاوكاریی دارایی توركیا بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی راستەوخۆ سوود بە ژمارەیەكی زۆر لە بەڵێندەرە توركەكان دەگەیێنێت. بەدەر لەمەش، ئەگەر لایەنی توركی مامەڵە بە بژارەی سێیەم بكات، ئەوا لایەنی توركی توانای ئەوەی لەبەردەستە كە لە ژمارەیەك لە سامانە پڕسوودەكاندا بەشداری بكات، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی بەرپرسیارێتی دابەزینی قازانجەكانی ئەو سامانانە هەڵدەگرێت.

پێنجەم: بێگومان پێویست بە گوتن ناكات، هەموو ئەم پشتگیرییە قازانجێكی زۆریش بە لایەنی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەیێنێت (كە لە زۆر رووەوە هاوبەشێكی جێگەی متمانەیە بۆ توركیا و شایانی ئەم پشتگیرییەیە)، هەروەها لە كەمكردنەوەی گوشاری سەر هەرێمی كوردستان و پاراستنی سەقامگیرییەكەی یارمەتیدەر دەبێت، چونكە ئێستا سەقامگیریی كوردستان بەهۆی كێشە داراییەكانەوە هەڕەشەی لەسەرە.

ئۆفەرەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان:

ئەگەر لایەنی توركی بژارەكانی یەكەم و دووەم هەڵبژێرێت، ئەوا مامەڵەكردن لەگەڵیان كارێكی ئاسان دەبێت. هەر بۆیە لە خوارەوە تەنیا باسی بژارەی سێیەم دەكەین بۆ ئەوەی لایەنی توركی بیری لێبكاتەوە. ئەمە شتێكی زانراوە كە نادڵنیاییەكی زۆر لەمەڕ یەدەگی نەوت و تێچوون و قازانجی یەدەگی نەوت لە ئارادایە. دابەزینی نرخەكانی نەوت هۆكارێكی دیكەی نادڵنیاییە. هەر بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی بەرپرسیارێتی دابەزینی داهاتی هەر كام لەو كۆمەڵە پڕۆژانە لە ئەستۆ دەگرێت كە لە پرۆپۆزاڵە سێ بەشییەكەدا خراوەتەڕوو:

پرۆپۆزاڵی بەشی یەكەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشنیاز دەكات كە لایەنی توركی بیر لەوە بكاتەوە ئەم قەرزە بەرچاوەی ئێستا و مافە زۆرەكەی TECبكەن بە وەبەرهێنانی درێژخایەن لە كێڵگە بەرهەمهێنەكانی تەقتەق، تاوكێ و شێخان. چاوەڕێ دەكرێ ئەم سێ كێڵگەیە پێكەوە و لەسەر بنەمای 6% داشكاندن (یان 6% رێژەی سوود) 1.829 ملیار دۆلار قازانجیان هەبێت كە ئێستا بەرزترین ئاستی قازانجە هەردوو لایەن لەسەری رێككەوتبن. حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشنیاز دەكات ئەم سامانە لەسەر بنەمای داشكاندنی بە رێژەی 8% (واتە بە 1.664 ملیار دۆلار) بۆ لایەنی توركی بگوازێتەوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان گرەنتی ئەوەش دەكات كە قازانجی ئەم سامانانە لە هیچ حاڵەتێكدا لە 6% كەمتر نەبێت، بۆ پڕكردنەوەی هەر چەشنە كەموكوڕییەكیش پشت بەو داهاتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبەسترێت كە لە بەرهەمهێنانی نەوتی ئەم سامانە نەوتییانە بەدەست دەهێنرێت.

حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا ناكات هیچ پارەیەكی دیكە بۆ ئەم سامانانە بدرێت، بەڵام حەزدەكات هاوسەنگییەك دروست بكات لە نێوان ئەو 1.664 ملیار دۆلارەی كە بیری لێدەكرێتەوە لە بەرامبەر ئەو 1.150 ملیار دۆلار قەرزەی كە ئێستا لەسەرمانە، یان با بڵێین ئەو 514 ملیۆن دۆلارەی كە بریتییە لە قەرزی دواكەوتووی TEC.

پرۆپۆزاڵی بەشی دووەم: حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشنیاز دەكات لایەنی توركی بیر لە پێدانی پارەی نوێ بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بكاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان نەك وەك قەرز، بەڵكو لە بەرامبەر 100% داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەی كێڵگەكانی میران و بنەباوی و 15%ی داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە میدستریمی هەمان ئەو دوو پڕۆژەیە. چاوەڕێ دەكرێت داهاتی نەختینەی ئەم دوو پڕۆژەیە لەسەر بنەمای داشكاندنی 7.5% (واتە 7.5%ی رێژەی سوود) خۆی لە 2.705 ملیار دۆلار بدات. حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشنیاز دەكات كە ئەم سامانانە لەسەر بنەمای 10% داشكاندن (واتە بە 1.894 ملیار دۆلار) بۆ لایەنی توركی بگوازێتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو كاتێك گرەنتی ئەوە دەكات كە قازانجی ئەم سامانانە لە 7.5% كەمتر نابێ و ئەگەر كەمتربوو حكومەتی هەرێمی كوردستان بە داهاتی پشكی خۆی لە میدستریمی هەمان ئەو دوو سامانە، قەرەبووی دەكاتەوە. ئەگەر قازانجی ئەم كێڵگانە تاوەكو 14%ش بەرزبووەوە قازانجەكە هەر بۆ لایەنی توركی دەبێت، بەڵام ئەگەر قازانجەكە لە 14% تێپەڕی، ئەوا باڵانسەكەی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان هەست دەكات كە ئەم پرۆپۆزاڵە رێژەیەكی گرەنتیكراو و بەرزی سوود بۆ لایەنی توركی تێدایە، ئەمە جگە لەوەی دەرفەتی ئەوەشی هێشتووەتەوە كە رێژەی قازانجی لایەنی توركی تاوەكو 14% بچێت و لێی وەرنەگیرێتەوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان حەزدەكات 800 ملیۆن دۆلار لەم پارەیە بداتە بەڵێندەرە توركەكان ، 94 ملیۆن دۆلاری بە تێچووەكانی 20%ی قازانجی حكومەت لە شێخان تەرخانبكات، باڵانسی یەك ملیار دۆلارەكەش كە لە ماوەی 18 مانگدا وەردەگیرێت بۆ بەڵێندەرە توركەكان تەرخان دەكرێت بۆ ئەوەی بتوانن پڕۆژەكانیان تەواو بكەن.

بەشی سێیەمی پرۆپۆزاڵەكە: حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشنیاز دەكات لایەنی توركی بیر لە پێدانی پارەیەكی نوێ بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بكاتەوە، بەڵام ئەمەشیان وەك قەرز نەبێت، بەڵكو لە بەرامبەر ئەوەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان 5%ی قازانجی كاركردن لە كێڵگەی خورمەڵە دەدات ـ ئەمەش هەم یەدەگە رووكەشەكان دەگرێتەوە هەمیش یەدەگە قووڵەكان. ئەو كۆمپانیایەی ئێستا لەوێ كار دەكات لە بەرامبەر كاركردنی خۆیدا 30%ی قازانج وەردەگرێت و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش 20%ی قازانجەكەی پێیە. ئەم كێڵگەیە پێویستی بە وەبەرهێنانە بۆ ئەوەی توانای بەرهەمهێنانی لەوەی ئێستا بەرزتر بكرێتەوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای 1.146 ملیار دۆلار لە لایەنی توركی دەكات، لەبەرامبەر پێدانی ئەو خاڵەی كە لە سەرەوە باسكرا، هەروەها قەرەبووی ئەو تێچوونە بەرچاوەی پێدەكاتەوە كە كۆمپانیای كار بۆ پەرەپێدان تەرخانی كردووە.

ژمارەی 1.149 ملیار دۆلار لەسەر بنەمای داشكاندن بە رێژەی 15% دانراوە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان گرەنتی ئەوە دەكات كە قازانجی ئەم سامانانە لە هیچ كاتێكدا لە 10% كەمتر نابێت، هەرجۆرە كەموكوڕییەكیش لە رێژەی قازانجەكانی ئەم سامانە بە داهاتی پشكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەمان كێڵگە پڕدەكرێتەوە. ئەگەر رێژەی قازانجی ئەم سامانە تاوەكو 17%ش بەرزبووەوە لایەنی توركی دەتوانێ زیادەی قازانجەكە بۆ خۆی بەرێت، بەڵام ئەگەر هاتوو رێژەی قازانجەكە لە 17% بەرزتر بووەوە، ئەوا باڵانسەكە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان هەستدەكات ئەم ئۆفەرە زۆر دادپەروەرانەیە، هەڵبەت ئەگەر ئەوەمان لەبەرچاوبێت كە دابەزینی رێژەی قازانج بۆ 13%، بۆ لایەنی توركی قەرەبوو دەكرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی ئەگەر رێژەی قازانج لە رێژەی رێككەوتن لەسەركراو بەرزتر ببێتەوە، تا ئاستێكی بەرز (واتە 17%) هەر بۆ حكومەتی توركیا دەبێت. حكومەتی هەرێمی كوردستان حەزدەكات 446 ملیۆن دۆلار لەم پارەیە بۆ پڕكردنەوەی كەموكوڕی داهات تەرخانبكات و باڵانسەكەش (واتە 700 ملیۆن دۆلار) بۆ چارەسەری كێشەی مافەكانی كۆمپانیای سەركار لە چەمچەماڵ/كۆرمۆر تەرخان دەكات.

بەڕێز، سوپاسی بایەخ و خۆتەرخانكردنی جەنابتان بۆ ئەم بابەتانە دەكەم، بەڕاستیش حەزدەكەم لە نیوەی دووەمی هەفتەی داهاتوودا ئەم پرۆپۆزاڵانە بە رووبەڕوو لەگەڵ بەڕێزتان باسبكەم، بەو هیوایەی بە ماوەیەكی كورت دوای ئەوە پرۆپۆزاڵەكان بگەنە ئەنجامێك.

لەگەڵ رێزی زۆرم
ئاشتی هەورامی
وەزیری سامانە سرووشتییەكان ـ حكومەتی هەرێمی كوردستان
19ی ئاداری 2016

Back to top button