یەکەمین ریکخراوی ئافرەتان لە کوردستان لەسەر تاوانە قێزەونەکەی سنوری کەرکووک ھاتە دەنگ

یەکێتی ئافرەتان  بەتووندێ ئیدانەی دەستدرێژی بۆ سەر ئەو ئافرەتە دەکات کەلەلایان چەند کەسێک سەربە حشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵی ئەنجام دراوە

دەقی راگەیاندراوەکە

ڕاگەیەندراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان:
لەم کاتە هەستیار و پڕ مەترسییەی کە سەرانسەری جیهانی گرتۆتەوەو مرۆڤەکان لە ترسی لەدەستنەدانی ژیان خۆیان کەنارگیری ماڵ کردووە؛ کە دەکرێ وێستگەیەک بێت بۆ بەخۆداچوونەوەو پتەوبوونی گیانی هاوسۆزی و هاوئاهەنگی لە نێوان سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی؛ بەداخەوە ڕاچڵەکاین بە گوێبیستبوونی تاوانێکی دڕندانەی هاودژ بە بەها مرۆڤایەتییەکان؛ تاوانێک قێزەونی و نامۆڕاڵی کەسانێک پیشان دەدا؛ کە ڕێگە بە خۆمان نادەین شوناسی مرۆڤ بدەینە پاڵیان، ئەویش تاوانی دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتێکی خاوەن پێداویستی تایبەت و ناساخ لە ڕووی دەرونییەوە لە شارۆچکەی پردێ کە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندە.
زیاتر بەداخین کە ئەو تاوان و دەستدرێژییە پاڵنەری شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستی هەیە و لەبەرئەوەی ئافرەتەکە لە نەتەوەی کوردە ئەو تاوانەی بەرامبەر کراوە، تاوانکارانیش باری سیاسی ناوچەکەیان قۆستۆتەوەو هەروەها ئەندامی هێزەکانی سەر بە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی کەرکوکن.
ئەو تاوانە چەندین جۆری توندوتیژی وەک دژ بە ئافرەت دژ بە کەسێکی بێتواناو ناساغ دژ بە نەتەوەیەک و بگرە چەندان ناونیشانی دیکە لەخۆدەگرێت و بەئاگای هێناینەوە لەوەی
مرۆڤگەلێک هەن چەندین جار لە پەتای کوشندەو ڤایرۆسی گوێزەرەوە ترسناک ترن، هەربۆیە پێویست دەکات بە هەماهەنگی هەمو لایەک هاوشێوەی هەڵمەتی بەرەنگاری ڤایرۆس و تیرۆر هەڵمەتێکیش بۆ لەناوبردنی بیرکردنەوەی پشت ئەنجامدانی ئەو تاوانە بکرێت.
ئێمە لە کاتێکدا ئیدانەی ئەم تاوانە دەکەین؛ پشتگیری لە ڕاگەیەندراوی ڕابەری نەتەوەییمان سەرۆک بارزانی دەکەین و ڕایدەگەیەنین کە ئێمەی نەتەوەی کورد پشتیوان بە ڕابەری نەتەوەییمان هەرگیز لەو تاوانە خۆش نابین و پێویستە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە و حکومەتی ناوەند لێکۆڵینەوە لە پاڵنەرەکانی پشت ئەنجامدانی تاوانەکە بکەن و وەک هەر تاوانێکی دیکە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت.
بەو پێیەی ڕێکخراوەکەمان ئەنجومەن و ناوەندی ئەو سنورەی هەیە و نوێنەرایەتی ئافرەتانی ئەو ناوچەیە دەکات، داوا دەکەین قەرەبووی تەواوی قوربانییەکە بکرێتەوە و شوێنی پارێزراوی بۆ دابین بکرێت، لای خۆشمانەوە ئامادەی هاوکاری و دابینکردنی تێچووی چارەسەری دەرونی ئەو خانمەین.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان

Back to top button