سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی قیامه‌ پیرۆزبایی له‌ مه‌سیحییه‌كان ده‌كات

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی قیامه‌ی مه‌سیحییه‌كان بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، “هیوادارم ئه‌م جه‌ژنه له‌گه‌ڵ خۆیدا سه‌لامه‌تی‌ بۆ ته‌واوی‌ مرۆڤایه‌تی‌ بهێنێت و له‌ په‌تای‌ كۆرۆنا و هه‌موو ده‌رد و نه‌خۆشییه‌ك دوور و پارێزراو بن”.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم:

په‌یامی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ جه‌ژنی‌ قیامه‌

هاتنه‌وه‌ی‌ جه‌ژنی‌ قیامه‌ی‌ حه‌زره‌تی‌ مه‌سیح سڵاوی‌ خوای‌ لێ بێت له‌ ته‌واوی‌ خوشك و برایانی‌ خۆشه‌ویستی‌ مه‌سیحی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، عێراق و جیهان پیرۆز ده‌كه‌م، هیوادارم ئه‌م جه‌ژنه له‌گه‌ڵ خۆیدا سه‌لامه‌تی‌ بۆ ته‌واوی‌ مرۆڤایه‌تی‌ بهێنێت و له‌ په‌تای‌ كۆرۆنا و هه‌موو ده‌رد و نه‌خۆشییه‌ك دوور و پارێزراو بن.

ئه‌مساڵ جه‌ژنی‌ قیامه‌ له‌ كاتێكدا دێته‌وه‌ كه‌ وه‌ك ته‌واوی‌ جیهان هه‌رێمی‌ كوردستانیش به‌هۆی‌ په‌تای‌ كۆرۆناوه‌ له‌ دۆخێكی‌ سه‌ختدایه‌ و بۆ سه‌لامه‌تیی‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌بێ هه‌موومان باپه‌ندی‌ ڕێنمایییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بین و له‌ ماڵ بمێنینه‌وه‌، هیوادارین جه‌ژن و بۆنه‌كانی‌ داهاتوومان له‌ دۆخێكی‌ باشتردا بكه‌ینه‌وه‌.

له‌م جه‌ژنه‌دا دووپاتی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ هه‌موو پێكهاته‌ ئایینی‌ و نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی‌ به‌ لانكه‌ی‌ پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی‌ و یه‌كترقبووڵكردن و فره‌ڕه‌نگیی‌ ئایینی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و هه‌موو پێكه‌وه‌ كار ده‌كه‌ین بۆ قووڵكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م كولتووره‌ی‌ جوانه‌ی‌ كوردستان و ده‌یپارێزین.
جه‌ژنی‌ قیامه‌ له‌ هه‌موو لایه‌ك پیرۆز بێت.
خوای‌ مه‌زن هه‌مووان بپارێزێت.

نێچیرڤان بارزانی‌
سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان
11/4/2020

Back to top button