شیعە لە سعودیە و نیمچە دورگەی عەرەبی

نیاز حاجی
پەیرەوانی شیعە لە سعودیە زۆربەیان لە شیعەی ۱۲ ئیمامین و لەو کەمتریان لە پەیرەوانی ئیسماعیلین و کەمترینیشیان لە پەیرەوانی زەیدین ، زیاتر لە شارەکانی رۆژهەڵاتی سعودیە نیشتەجێن وەک شارەکانی پارێزگای قەتیف و الاحساء و دەمام ، هەروەها لە شارەکانی( مەدینە و نجران و جدە) ش هەن .
بەهۆی ئەوەی سعودیە لە کاتی ئامار و سەرژمێریەکاندا پرسیاری ئاینزا ( مذهب ) ناکات بۆیە رێژەی شیعە تەواو دیار نیە کە چەندە ، بەڵام بەگوێرەی راگەیاندنەکانی سعودیە رێژەکەیان لە نێوان ٦٪ بۆ ۱٠٪ ی کۆمەڵگای سعودیە پێک دێنێت لەکۆی ۳٠ملیۆن کەس ، بەلام بە گوێرەی زانیاریەکانی تۆڕی هەواڵی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریکی ، رێژەی شیعە لە سعودیە له نێوان ۱٠٪ بۆ ۱٥٪ دایە .
شیعە لەسعودیە یەک مەرجەعیەتیان نیە ، بەلکو هەندێکیان مەرجەعیەتەکەیان علی خامەنەییە لە ئێران ، هەندێکی تریان مەرجەعیەتیان علی سیستانیە لە عێراق ، هەندێکی تریان صادق شیرازیە لە قوم ، هەندێکیشیان مەرجەعیان محمد تقی مدرسیە لە کەربەلا .
سەرەتای هاتنی شیعە بۆ رۆژهەڵاتی سعودیە بۆ کاتی ( قەرامیتەکان ) دەگەرێتەوە کە شیعەی ئیسماعیلی بوون و توانیان دەولەتێک لە سەردەمی خەلافەتی عەباسیەکان لە کۆتاییەکانی سەدەی ۳یەمی کۆچی بۆ خؤیان دروست بکەن ، سنوری دەولەتەکە بەشێکی ئیمارات و قەتەر و بەحرین و رۆژهەلاتی سعودیە و کوێتی ئێستا بوو ، دەولەتەکە کۆتایی پێهات لەسەر دەستی سەلجوقیەکان لەسالی ٤٦۷ی کۆچی .
قەرامیتەکان بزوتنەوەیەکی نهێنی و سەربازی شیعە بوون کە سەرکردەکەیان (حمدان قرمط بن الاشعث )بوو لە عێراق .
دوای مردنی ئیمام جەعفەر صادق ئیمامی شەشەمی شیعەکان ، دوو کوری لەدوای خۆی بە جێهێشت بە ناوی ئیسماعیل و موسی ، هەندێک لە شوێنکەوتەکانی شیعە ، (ئیسماعیل)یان بە ئیمامی شیعە دانا و پاشان ناو نران بە (شیعەی ئیسماعیلی) ، هەندێکی تر ( موسا )یان بە ئیمام زانی و دواتر ناو نران بە (شیعەی ۱۲ ئیمامی) . پاشان شوێنکەوتوانی ئیسماعیلی بەیعەتیان بە محمدی کوری ئیسماعیل دا وەک ئیمامی خۆیان ، پاشان ئیمامی نوێ لە ترسی عەباسیەکان رای کرد بۆ حیجاز و خۆی ون کرد ، زۆرێک لە شوێنکەوتوانی بە مەهدی مونتەزەر ناویان دەبرد و بانگەوازی نهێنیان بۆ عەقیدەکەی دەکرد ، شوێنکەوتەیەکی نهێنی زۆریان لە دەوری خۆیان کۆکردەوە لە یەمەن و عێراق و رۆژهەلاتی نیمچە دورگەی عەرەبی و بەشێکی زۆر لە ولاتی فارس ، کە ئەو زۆربون و فراوانبونەیان جێگای تورە بوون و نیگەرانیەکی زۆری دەسەلاتی عەباسیەکان و پەیرەوانی شیعەی مەزهەبی ۱۲ ئیمامی بوون . لە عێراق شوێنکەوتەکانیان رۆژ دوای رۆژ روی لە زیادی دەکرد لەسەر دەستی ( حمدان قرمط بن الاشعث ) ئەویش لەلایەن خۆیەوە ( ئەبی سعید الجنابی ) نارد بۆ بەحرێن بۆ بلاوکردنەوەی مەزهەبی ئیسماعیلی ، دوای لاواز بوونی دەسەڵاتی عەباسیەکان توانیان دەولەتێک بۆ خۆیان دروست بکەن وەک لەسەرەوە باسمان کرد بەناوی قەرامیتیەکان ، پاشان لەسالی ۳۱۷ی کۆچی ، قەرامیتەکان لە بەحرێنەوە هێرشیان بۆ سەر مەککە ئەنجام دا لە وەرزی حەج و دەیان هەزار حاجیان کوشت و ئافرەتەکانیان بردن و دەرگای مەککیان شکاند هەروەها( حجر الاسود) بەردە رەشەکەیان لەگەل خۆیان برد بۆ بەحرێن ، بۆ ماوەی ۲۲ساڵ مەکە بێ بەردە رەشەکە مایەوە و مەراسیمی ساڵانەی حەج لەو ماویە وەستا ، دواتر بەردە ڕەشەکە بۆ مەککە گێردرایەوە بەهۆی هەرەشەی ( حاکم بامرللە) ی فاطمیەکان لە میصر . پاشان بەهۆی هەلسوکەوتە نەشیاوەکانی قەرامیتەکان ، پەیرەوانی ئیسماعیلی رۆژ دوای رۆژ بەرەو کەمبونەوە چوون، لوتکەی لاوازبونیان ئەو کاتەبوو کە (ئەبوو طاهر جەنابی) سەرکردەی قەرامیتەکان لە بەحرێن ، دەسەلاتی بە گەنجێکی فارسی بەخشی بەناوی ( محمد ) لە دوای خۆی ، کە دەسەڵاتەکەی ۸٠ رۆژی نەخایاند ، تا دواجار لەسەر دەستی (مەلیک شا)ی سەلجوقی لەسالی ٤٦۷ی کۆچی کۆتاییان پێ هێنرا .

Back to top button