برازایەکی مستەفا سەلیمی: مامم لەلایەن ئاسایشی یەکێتی رادەستی ئێرانکراوە
دوای ئەوەی مستەفا سەلیمی لە زیندانی سەقز رایکرد و خۆی گەیاندە باشووری کوردستان، لە ناوچەی پێنجوێن لە لایەن ئاسایشی یەکێتی دەستگیر کراو رادەستی ئێرانی کردەوە، دواتر لە لایەن ئاسایش روونکردنەوە بڵاوکرایەوە کە هیچ کەسێک بەو ناوە لەلای ئەوان تۆمار نەکراوە، برازایەکی سەلیمی چەند زانیارییەکی وردی بۆ ماڵپەڕێکی نزیک لە سەرکردە ناڕازییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرا کرد.
فاتیمە سەلیمی، برازای مستەفا سەلیمی لە بارەی رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی لە لایەن یەکێتی رایگەیاندووە: ”گلەیی بێت لە سلێمانی و پێنجوێن، نەهاتنە دەم مامەمەوە“.
هەروەها راشیگەیاندووە کە مامی مستەفا سەلیمی هاتووەتە پێنجوێن، سێ شەویش لە ماڵێكدا ماوەتەوە
گوتیشی وەلا زۆر دڵنیاین. لە پێنجوێنەوە تەحویلی ئێران دراوە، ئاسایشی یەکێتی بردوویانەتە سەر سنووری بانە و لەوێوە رادەستی ئێران کراوە.
فاتیمە سەلیمی دەڵێت: ”مامم لە ئاوایی گەرمك بووە، دواتر بۆ پێنجوێن و سێ شەو لە پێنجوێن ماوەتەوە، وتویانە پێشمەرگەكان دێن بە دەممانەوە، كردویانەتە ماشێن و بردویانە بۆ ئاساییش، گوتویانە یەك مانگ كرنتینەت دەكەین، نەیزانی كەڵەكی لێ دەكەن (فێڵی لێدەكەن) و تەحویلی ئاساییشی دەكەن، ئاساییشیش تەحویلی (رادەستیكردووە) ئێرانی داوە، كوێر بم بۆ مامەی جوانم، بۆ مامەی دوژمن بەزێنم“.
برازاکەی مستەفا سەلیمی دووپاتی کردووەتەوە: ”یەكێتی دەڵێت ئێوە ناوی ئێمەتان خراپ کردووە، ئێمە ناو كەس خراپ ناكەین، ئەوان نەهاتونەتە دەم مستەفا سەلیمییەوە“. ئەوەش ئاشکرا دەکات کە ئاسایش خۆیان تەلەفۆنیان بۆ لایەنی ئێرانی کردووە و بە چەند ئۆتۆمبێلێک چوون وەریانگرتووە.