پارێزگاری هه‌ولێر: له‌دوای 16ی مانگ ژیان ئاسایی ده‌بێته‌وه‌

پارێزگای هەولێر رایگه‌یاند، پلانیان بۆ ئاساییکردنەوەی ژیان لە پارێزگای هەولێر داناوە و رۆژی 16ی مانگ رایدەگەیه‌نن. هه‌روه‌ها ئاشكراشی كرد، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا نزیکەی 1000 پشکنینی کۆرۆنا نێگەتیڤ دەرچوون.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی دۆستانی تۆڕی میدیایی رووداو راگه‌یاندووه‌، پێمان ناوەتە قۆناخێکی نوێ، ئەو دۆخەمان تێپەڕاند کە لە چەند رۆژی رابردوو بەسەر چەند گەڕەکێکی شاری هەولێردا هات بەهۆی چەند پرسەیەکەوە، کۆنترۆڵی دۆخەکە کراوە، ماوەی سێ رۆژە تەنها یەك تووشبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنامان هەبووە. لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردووش لە کۆی ئەنجامدانی 989 پشکنین هیچ حاڵەتێکی پۆزەتیڤ تۆمار نەکراوە.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، دۆخێکی سەخت تێپەڕێندراوە و ئێستا دۆخەکە بەرەو باشتر دەڕوات، بەڵام دەڵێ ئەوە بەو مانەیە نایەت کە ئەو کەرەنتینەیە بە یەکجاری بشکێنین و دۆخەکە وەکو جارانی لێبکەینەوە، بۆ نموونە هێشتا لە تورکیای دراوسێمان رۆژانە بە هەزاران حاڵەت تۆماردەکرێت، بە هەمان شێوە لە ئێران و عێراقیش جێگەی ئەمان نییە، بۆیە دەبێت بە هەستیاری و لەسەرخۆیی هەنگاو بنێین.

فرسه‌ت سۆفی ئاشكراشی كرد، هەڵگرتنی قەدەغەی هاتووچۆ و ئاساییکردنەوەی ژیان بەشێوەیەکی یەکجارەکی، رەنگە لە ئەنجامدا باجەکەی بدەین، بۆیە دەبێت بەشێویەکی رێک و پلان بۆ داڕێژراو کە خەریکین و لە 16ی مانگ رایدەگەیێنین، دەرفەتێکی نوێ بۆ ژیان دەڕەخسێنین.

 

Back to top button