فەرماندەی لەشكری رۆژ: ئەو كەسەی لە لیبیا دەستگیركراوە به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پەیوەندی بەئێمەوە نیە

فەرماندەی گشتی ھێزی پێشمەرگەی لەشكری رۆژ رایدەگەیەنێت، ئەو كەسەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی لیبیا دەستگیركراوە پەیوەندی بە ئەوانەوە نیە.

فەرماندەی گشتی ھێزی پێشمەرگەی لەشكری رۆژ لە رونكردنەوەیەکدا رایگەیاندوە، زۆر لە ماڵپەڕ و كەس لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باسیان لەوە كردوە كە (شاکر فرمان بونجق) ئەو كەسەی كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی لیبیا دەستگیركراوە شەڕی بۆ ھێزە بە كرێگیراوەكانی توركیا كردوە، سەر بە لەشكری رۆژە، ئەو ھەواڵە دورە لە راستییەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو كەسەی لە لیبیا دەستگیرکراوە، ھیچ كات پێشمەرگەی لەشكری رۆژ نەبوە و دور و نزیك ھیچ پەیوەندییەكی بە ھێزەكانی ئێمەوە نەبووە.

له‌ ‌دواداچوونێكی ده‌زگایی میدیایی (خواكوڕك) ئاشكرای ده‌كات رۆژنامەنووسی به‌ناوبانگی لیبی (شرفا الزنتان) لە پیگەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك ئاشكرای كردووە كە ئەو كەسەی ھێزەكانی خەلیفە حەفتەر دەستگیریانكردووە گوایە كوردە و لە ھێزەكانی (پێشمەرگەی رۆژە) ناوی (شاكر بونجوق)ـە و لە دایكبووی ١٩٨٥بە ڕەگەز تورکمانە و لە سەرەتای نۆوەدەکان لە لیبیا ژیاوە و لە ٢٠١٥دا هاتووەتە عێراق و دواتریش چوەتە تورکیا و ئێستا وەکوو چەکدارێکی بەکرێگیراو بۆ لیبیا گەڕاوەتەوە و لەوێدا شەڕ دەکات..

ئەم رۆژنامەنووسە رەخنەی ئەوە لە وتەبێژی سەربازی حەفتەر دەگرێت كە لەلایەن ھێزێكی دژبەری توركیاوە فڕیودراوە و زانیاری ناڕاستیان پێ دراوە بۆ ئەوەی كێشە لەنێو كوردەكان دروست بكرێت.

رۆژنامەنووس (شرفا الزنتان) داوا لە ھێزەكانی حەفتەر دەكات بە فەرمی دان بە ھەڵەی خۆیان بنێن و داوای لێبوردن لە گەلی كورد بكەن، چونكە ئێستا ئەوانیش گەیشتوونەتە ئەو ڕاستیەیی كە فڕیودراون و ئەو كەسە توركمانە نەك كورد.

 

 

 

Back to top button