پارتی دیموكراتی كوردستان
لە روونكردنەوەیەكدا بەناوی سەرچاوەیەك لە دەزگای رۆشەنبیر و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان حەوت خاڵ بەمەر سیناریۆی چەواشەكاری میدیاكانی سەر بە یەكێتی و پەكەكە دا خراوەتە روو، پارتی دەلێت” لەشكری قارەمانی ڕۆژ بەدەیان شەهیدی لە شەڕی تیرۆیستان داوە. قارەمانانە بەرگری لە خاكی كوردستان كردووە. ئەو كاتەی كە قارەمانانی لەشكری ڕۆژ بەشداربوون لە تێكشكاندنی دوژمن لە پردێ و سحێلا، خەڵكی تر خاكیان دەفرشت و مورتەزقەی دوژمن بوون.
هەر لە روونكردنەوەكەدا هاتووە” ئەو كەسەی لەپێناو پارە بووەتە مورتەزەقە لە لیبیا كارێكی نەشیاوی كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ناپاكییەكەی بە هیچ شێوەیەك بەراورد ناكرێت لەگەڵ ناپاكیی فرۆشتنی خاك و خەڵك كە هەندێ تاقم و لایەن لەسەری ڕاهاتوون و دەیانەوێ بە گەورەكردنی بابەتی مورتەزەقەكەی لیبیا پەرێزی خۆیان خاوێن بكەنەوە.
دەقی روونكردنەوەكە…
ڕوونكردنەوەیەک بۆ رای گشتی
لەبارەی گرتنی كەسێكی مورتەزەقە لە لیبیا، كە ماوەی چەند ڕۆژە ژمارەیەك سایت و میدیای كوردی لە هەڵمەتێكی ناڕەوادا بۆ لەكەدار كردنی پارتی و لەشكری قارەمانی ڕۆژ بەكاری دەهێنن، بە هەموو لایەك ڕادەگەیەنین كە:
یەكەم: ئەو كەسەی لە لیبیا گیراوە و بەشێوەیەكی گوماناوی ناسنامەی بۆ داتاشراوە، دوور و نزیك پەیوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستان و لەشكری ڕۆژەوە نییە و هەرگیز تەنانەت بۆ یەك خولەکیش پێشمەرگە نەبووە.
دووەم: ئەو شەڕ و كاولكارییەی لە لیبیا ڕوودەدات دەرهاوێشتەی ململانێی نێودەوڵەتییە و هیچ پەیوەندی بە ئامانج و سیاسەتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نییە. شوورەییە كە بۆ لەكەداركردنی ناوی پێشمەرگە و پارتی پەنا بۆ شتێك ببردرێت كە لە بنەڕەتدا هیچ پەیوەندییەكی بە كوردەوە نییە. ئەوە خۆیلەخۆیدا نیشانەی ئیفلاسی سیاسی و ئەخلاقی و فكرییە.
سێیەم: ئەگەر گریمان پڕۆپاگەندەكان لەبارەی ئەو كەسە ڕاست بووایە و پێشمەرگە بووبێت (كە لە بنەڕەتدا هیچ بنەمایەكی نییە)، ئەوە هەموو لایەك زۆر باش دەزانن كە لە مێژووی شۆڕشەكانی كورد ڕووی داوە کەسانێک لەناو شۆڕش بوونە بەڵام ناپاكییان كردووە و لە ڕیزی شۆڕش و پێشمەرگە چوونەتە ڕیزی دوژمن.
چوارەم: ئەو كەسەی لەپێناو پارە بووەتە مورتەزەقە لە لیبیا كارێكی نەشیاوی كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ناپاكییەكەی بە هیچ شێوەیەك بەراورد ناكرێت لەگەڵ ناپاكیی فرۆشتنی خاك و خەڵك كە هەندێ تاقم و لایەن لەسەری ڕاهاتوون و دەیانەوێ بە گەورەكردنی بابەتی مورتەزەقەكەی لیبیا پەرێزی خۆیان خاوێن بكەنەوە.
پێنجەم: ئەگەر مەبەست لەم هەڵمەتە و لەكەداركردنی پێشمەرگە سەرقاڵكردنی خەڵك بێ بۆ ئەوەی تاوان و ناپاكییەكانی ئەو لایەن و تاقمە دابپۆشرێت، ئەوە با هەموو لایەك دڵنیا بن بەم ژاوەژاو و ناهەقی و چەواشەكارییە تاوان و ناپاكییەكان هەرگیز بزر نابن و فەرامۆشیش ناكرێن.
شەشەم: لەشكری قارەمانی ڕۆژ بەدەیان شەهیدی لە شەڕی تیرۆیستان داوە. قارەمانانە بەرگری لە خاكی كوردستان كردووە. ئەو كاتەی كە قارەمانانی لەشكری ڕۆژ بەشداربوون لە تێكشكاندنی دوژمن لە پردێ و سحێلا، خەڵكی تر خاكیان دەفرشت و مورتەزقەی دوژمن بوون.
حەفتەم: ڕاستییەكان بۆ هەموو لایەك ئاشكرا دەبن و وەك هەمیشەش ڕووڕەشی بۆ چەواشەكاران دەمێنێتەوە.
سەرچاوەیەك لە دەزگەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١٥ـی ٤ـی ٢٠٢٠
Post Views: 58