‎ئۆلاند لەسەر ڕێگای بارزانی

‎ئاسۆ حاجی

سەردانیكردنی سەرۆكی فەڕەنسا تەنها تەئكیدكردنەوەی هەڵوێست و ڕای نەگۆڕی ئەوە بۆ گەلی هەرێمی كوردستان كە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و دروستكردنی دەوڵەت ئەركی ئێوەیە و دانپێدانان و پاڵپشتی كردنیشی ئەركی ئەخلاقی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیە و لە پێش هەمووشیانەوە فەڕەنسا.

بارزانی كە لە سەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی زۆرترین دژایەتی دەكرێ و كۆسپ لە بەردەم ئامانجەكەی دادەنرێن كە كاكردنە لەسەر پرسی سەربەخۆیی كوردستان بەڵام هێزە نێودەولەتیەكان و بە تایبەتیش وڵاتانی زلهێز بە هەڵوێست و لێدوان و هاریكاری هانی بارزانی دەدەن كە بەردەوام بوون لەسەر ئەو ڕێگایە تاكە دەروازەی وەدیهێنانی سەقامگیریە لەو دەڤەرە داگیرساوە بە ئاگری شەڕی تائیفی و دووبەرەكی هێزە ئیقلیمیەكان كە خەریكە كارتە سیاسیە نێودەوڵەتیەكان و بەرژەوەندیە ئابوریەكانیش دەسوتێنن، بۆیە تا دێ هەولێر دەبێتە جێگرەوەی ناوەندە نەریتیەكانی بڕیار لەو ناوچەیە و لەوێوە هێزە نێودەوڵەتیەكان بە سەرباز و ڕاوێژكاری سەربازی و چەكی پێشكەوتو و پاڵپشتی ئاسمانی شانیان بە شانی پێشمەرگە داوە و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش لە جیاتی كۆشكی سەرۆكایەتی هەرێم لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە پێشوازی لە سەرۆكی وڵاتان دەكات وەك چۆن لە فڕۆكەخانە بە باوەشی دایكی شەهیدان و چەپكە گوڵی منداڵانی شەهیدان و كەسوكاری پێشمەرگە لە هەموو پێكهاتەكانی گەلی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فڕەنسوا ئۆلاند سەرۆك كۆماری فەڕەنسا كرد و لە سەنگەرەكانی پێشمەرگەش پەیامێكی چەند لایەنەی ڕاگەیاند كە هەرێمی كوردستان و میللەتەكەی ئەگەر بەشی لێكترازاندن و بەگژیەكبردن نەیاریان هەبێت ئەوە زیاتر دۆستیان هەیە كە هانیان دەدا خۆیان و وڵاتیان یەكگرتوو بن و لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی سەربەخۆ هەژمارەكانیان لەگەڵ یەكدی یەك لا بكەنەوە نەك لە سەر سفرەی نەیارەكانیان.

هاتنی ئۆلاند لە دووەم ڕۆژی ساڵی نوێدا بۆ هەولێر دەست پێكێكی بەهێز و هاندانی هەرێمی كوردستانە لە بەردەوامی لەسەر سیاسەتی دەستگرتن بە داوای سەربەخۆیی و پارێزگاریكردن لە پێكهاتەی ڕەنگاوڕەنگی گەلی هەرێمی كوردستان،كە ئێستا پانترین ناونیشانی گەشە لە ڕەشهەڵاتی ناوەڕاست(ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) كوردستانی پێ بناسرێتەوە.
‎كەلك وەرگرتن لە دۆستانی وەك سەرۆك ئۆلاند كە تەنها ئەلقەیەكە لە زنجیرەی پەیوەندی نێوانی گەلی فەڕەنسا و گەلی كوردستان كە بۆ سەردەمی شۆڕشی ئەیلول و سەرۆكەكەی بارزانی مستەفا دەگەڕێتەوە كە دواتر لە سەردەمی سەرۆكی كۆچكردوو فڕانسوا میتێڕان و هاوژینەكەی مەدام میتڕان گەیشتە ئەوپەڕی توندوتۆڵی كە ئەو دۆستایەتیە بووە هۆی فشار دروستكردن لەسەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڕۆژانی ڕاپەڕین و كۆچی ملیۆنی تا بڕیاری پاراستنی هەرێمی كوردستان بدەن بە تایبەتیش دوای ئەو هەڕەشانەی فڕەنسوا میتێڕان لە وڵاتانی زلهێزی كرد و گووتی” ئەگەر بە تەنیاش بم هێز دەنێرم و گەلی كورد لە قڕكردنێكی دیكە دەپارێزم” پەیام و وشەكانی سەرۆك ئۆلاند هەمان تام و بۆ و مانای هەبوو بۆیە دەبێ لە چاوەڕوانی دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ دابین كە هەنگاوەكانی ئۆلاند لەسەر فەرشی سووری فڕۆكەخانەی هەولێر سەرەتاكەی دەست نیشانكرد كاتێك لەبەردەم ئاڵای كوردستان نووشتایەوە و سەری دانەواند كە تەنها یەك مانابەخۆوە دەگرێ ئەویش ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆیە.

ئەو سەردانەی سەرۆك ئۆلاند چەند لە كوردستان بە گەرمی و خۆشەویستی و گەشبینی پێشوازی كرا ئەوە لە سەر ئاستی ئیقلیمی ئەوەندە نارحەتی دروست كردوە كە پێشبینی دەكەم لە ماوەیەكی كورتدا لە ناو خۆی هەرێمی كوردستان دەرهاویشتەكانی ببیندرێن لە زیاتر دڕدۆنگ بوونی هەندێك هێزی سیاسی لە بەرامبەر هەوڵەكانی یەكخستنەوەی ناو ماڵی كوردستانی كە بە دەست پێشخەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە هاندانی دۆستانی وەك سەرۆك ئۆلاند دەستی پێكردووە بۆیەشە ئەوانەی خۆیان لەو كاروانە داببڕن ئەوە دەبنە هێزی نا خۆشەویست لەلایەن وڵاتانی بڕیار بەدەستی دونیا دەتوانین زۆر دوور نەڕۆین و تەنها تەماشایەكی ڕۆژئاوای كوردستان بكەین دوای ئەوەی پەیەدە پێشنیار و ئامۆژگاریەكانی هەردوو نێردەی فەڕەنسا و ئەمەریكا (كۆشنێر و كالبێرس) ڕەتكردەوە بەوەی لەگەڵ هێزەكانی دیكە بە لێكتێگەیشتن كار بكەن نەك بە فەرمانی حكومەتی بەشاڕ ئەسەد و هێزە ئیقلیمیەكان ئێستا پەیەدە خەریكە بە چارەنووسی گەلی كورد لە ڕۆژئاوا باجی ئەو هەڵوێستانەی دەدا.

پێشبینی دەكەم ساڵی نوێ ساڵی نەخشە ڕێگای بارزانی بێ و مەرجی دۆستایەتی وڵاتانی دۆست و لە پیش هەموویانەوە فەڕەنسا ئەوە دەبێ كە ئەوەی نەچێتە سەر ڕێگای بارزانی واتا ڕێگەی كاركردن بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ دۆستایەتی قبوڵناكرێ بۆیەشە یەكەم كەس سەڕۆك ئۆلاند خۆی خستە سەر ئەو ڕێگایە و چاوەڕوانیشە ئەوانەی دیكە هەما كار بكەن بە تایبەتی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان كە زامنی بە ئامانج گەیشتنی نەخشە ڕێگاكەیە.

Back to top button