وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەیادی 33 ساڵەی كیمیابارانكردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند،”هەوڵەكانمان بەرێكار و شێوازی تر بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەو تاوانانەی بەرانبەر گەلی كوردستان كراون لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بناسرێن”.

دەقی بەیاننامەكە:

بەیاننامەی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لەیادی ۳۳ ساڵەی بەركەوتووانی كیمیابارانكردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دوڵی خۆشناوەتی.

كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان
خەڵكی خۆڕاگر و تێكۆشەری دۆڵی خۆشناوەتی

۳۳ ساڵ لەمەوبەر لە ۱٦ / ٤ / ۱۹۸۷ رژێمی بەعسی لەناوچوو تاوانێكی تری خستە سەر ئەو تاوانانەی كەلە چوارچێوەی كۆمەڵكوژی و لەناوبردنی گەلی كوردستان جێبەجێی دەكرد، لەو روژەدا رژێمی لەناوچوو بەچەكی قەدەغەكراوی كیمیاوی گوندی شێخ وەسانان و بالیسان و گوندەكان دۆڵی خوشناوەتی چەند جارێك بۆمباران كرد و لەئەنجامدا چەندین  قوربانی شەهید و برینداری لێكەوتەوە.

هەر ئەوكات ژمارەیەك لە بریندارەكان دوور لەهەموو بەهایەكی مرۆڤایەتی لەلایەن رژێمەوە زیندەبەچاڵكران كە لە دوای روخانی ڕوفاتی ژمارەیەك لەو‌ شەهیدانە ‌لە گۆرێكی بەكۆمەڵدا لەكارگەی قیری هەولێر دۆزرانەوە و گەرێندرانەوە زیدی باوك وباپیرانیان و بەخاك سپێردرانەوە.

بەشێكی زۆری بەركەوتووانی چەكی كیمیاوی  ئەو ناوچانەش كە ڕزگاریان بوو تائێستاش ئاسەواری ئەو چەكە بە جەستەیانەوە ماوە و كاریگەری لەسەر تەندرووستیان درووستكردووە.

خەڵكی خۆراگری بالیسان و شیخ وەسانان و دوڵی خۆشناوەتی.

مێژوو شاهیدی خۆراگری و قوربانیدانی ناوچەكەتان دەدات كەهەردەم پشتیوان و پاڵپشتی شۆرشەكانی گەلی كوردستان بوون و لەمێژووی كوردایەتیدا لاپەرەی رەنگین بەخوێنی قوربانیدانتان نەخشاندوە.

بەرگری و خۆڕاگریتان لەبەرانبەر ‌مەترسیدارترین چەكی كۆكوژی كیمیاوی شكستی بە پیلانی دوژمنان هێنا و ئێوەش سەربەرزانە لە سەر خاكەكەی خۆتان مانەوە.

ئێمە لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان خزمەتی زیاتری كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی و تاقانەكانی جینوساید لەو سنوره و هەموو كوردستان بە ئەركی سەرشانمان دەزانین.

كەسوكاری سەبەرزی شەهیدان

لە كاتێكدا ئێمە یادی ۳۳ ساڵەی بەركەوتووانی كیمیابارانی ناوچەكەتان دەكەینەوە كوردستان لە قۆناغی خۆپارێزی لە مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنادایە و لەبەر پابەندبوون بە ڕێكار و ڕێنماییە تەندرووستییەكان نەتوانرا وەك ساڵانی پێشوو مەراسیمی شایستە بۆ یادی شەهیدەكانمان بكەینەوە، لەگەڵ ئەوەی بۆ هەمیشە یادی شەهیدانمان بەرز ڕادەگرین هەوڵەكانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بەرێكار و شێوازی تر بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەو تاوانانەی بەرانبەر گەلی كوردستان كراون لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بناسرێن .

درود بۆ روحی پاكی شەهیدانی بالیسان و شیخ وەسانان و دوڵی خۆشناوەتی و سەرجەم شەهیدانی كوردستان

سەربەرزی بۆ كەسوكاریان

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان

16/4/2020

Back to top button