فراکسیۆنی پارتی لە ساڵوەگەڕی کیمیابارانکردنی بالیسان داوای گەیاندنی خزمەتگوزاری بە دۆڵی خۆشناوەتی دەکات
فراکسیۆنی پارتی له پهرلهمانی كوردستان پهیامێكی لهبارهی ساڵوەگەڕی کیمیابارانکردنی بالیسان بڵاوكردهوه.
ئهمه دهقی پهیامهكهیهتی..
ئەمڕۆ 33 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی شارۆچکەی بالیسان، گوندی شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی لەلایەن رژێمی بەعـسی عێراقی تێ دەپەڕێت.
رژێمی بەعس بە درێژایی حوکمی خۆی وەک داگیرکەرێک لە کوردستان، دەیان و سەدان تاوانی دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجام دا، کە قێزەوەنترینیان کیمیابارانکردن، ئەنفال و وێرانکردنی زیاتر لە چوار هەزار گوندی کوردستانە.
کیمیابارانکردنی بالیسان و دۆڵی خۆشناوەتی لە 16ـی نیسانی 1987، کە بووە هۆی شەهیدبوونی 264 هاووڵاتیی مەدەنی و بریندربوونی 400 کەسی دیکە، بۆ هەموومان دەسەلمێنێت، کە ئەگەر هەوڵی بونیاتنانی کوردستانـێکی بەهێز و یەکگرتوو نەدەین، ئەوا دەبێ چاوەڕێی هەموو تاوانێکی قێزەوەن و دژەمرۆڤایەتی لە دوژمنان و داگیرکەران بکەین.
جێی دڵخۆشییە پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی 16 / 4/ 2007 رۆژی 16ـی نیسان (ساڵوەگەڕی کیمیبارانکردنی بالیسان)ی وەک رۆژی ژینگەی کوردستان دەستنیشان کردووە، بەو هیوایەی بە پاکڕاگرتنی ژینگە و چاندنی دار و درەخت، ڕێزی ئەو خاكەبگرین كە شەهیدانمان ڕۆحیان پێشكەشكرد.
جێی داخە ئەگەرچی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوهتی بەردەوام لانکەیەکی شۆڕش بوون و بوونەتە یەکەم قوربانیی چەکی کیمیایی بەعس، بەڵام حکوومەت و دەزگاکانی لە دۆڵی خۆشناوەتی، کەمترین خزمەتگوارییان بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە دابین کردووە.
هیوادارین حکوومەت ئاوڕێکی جددی لەو ناوچەیە بداتەوە و خزمەتگوزاریی زیاتر بگەیەنێت دۆڵی خۆشناوەتی، کە شایانی خەبات و قوربانیدانی خەڵکەکەی بێت.
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان