بۆچی دۆڕانكاڵكان هەرەشەی هەڵگیرسانی شەڕ لەكوردستان دەكات

 

دوای بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەچوارچێوەی رێكارەكانی حكومەت بۆ پاراستنی هاوڵاتیان، هێزەكانی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە جوڵەیان پێكرا بۆ ناو شارەكان و سنورەكان تووندتر كران، لەپارێزگای سلێمانی هێزی پێشمەرگە سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە لە هەموو سنورەكاندا لەچوارچێوەی رێكارەكانی ئەمنی تووندتر كران، بەڵام دوای ئەوە كە لە كەلێنی ناحیەی وەرتێ بەرێگای قاچاخ خەڵك دەخزێنرایە ناو سنوری هەرێمی كوردستان، وەزارەتی پێشمەرگە لەچوارچێوەی رێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هێزی بۆ ئەو ناوچانە ناردووە، وەك وەزیری پێشمەرگە لە راگەیاندراوەكەی دا رایگەیاندووە، كەچوونی ئەو هێزە هاوبەشەی سەر بەوەزارتی پێشمەرگە كاتیە و لە چوارچێوەی رێكارەكانی پاراستنی هاوڵاتیانە، لێرەدا ناكۆكی دروست بووە! بەڵام ئەوەی كە زۆر جێگای ئاماژە و هەڵوێستە كردنە لەسەری، جوڵاندنی هێزی پەكەكە بۆ ئەو ناوچەیە، پەكەكە لە سنوری هەرێمی كوردستاندا بەمەسافەی زیاتر لە 500 گوندی لە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستاندا دابڕاندووە، رۆژانە بە بیانووی پەكەكە دەوڵەتی توركیا بەردەوام بۆردوومانی ئەو ناوچانە دەكات، ئەمەش بۆتە هۆكاری تێكچوونی ناوچەكان و شەهید بوونی بەسەدان هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو بۆردوومانانەی بەبیانووی پەكەكە دەكرێت لەلایان توركیا.

 كاری پەكەكە لە قەندیل چیە

لەكاتێكدا هیچ زنجیرە چیایەك لە باشوری كوردستان بەقەدەر زنجیرەچیاكانی باكوری كوردستان سەخت و گونجاو تر نیە بۆ شەڕی دژی توركیا یان بەرهەڵوێستی توركیا، بەڵام بۆچی پەكەكە هەموو ئەو چیا سەختانەی جێ هێشتووە و هاتۆتە سنوری هەرێمی كوردستان و دەستی گرتووە بەسەر ئەو ناوچانە؟ ئەوە ئەو پرسیارەیە كە تا ئێستا بێ وەڵام ماوەتەوە!

لەدواین هەڵوێستی سەركردایەتی پەكەكە دا دۆرانكاڵكان هەرەشەی هەڵگیرسانی شەر دەكات، ئەو هەرەشەیە هەمان ئەو ئامانجەیە كە توركیا لە سەروبەندی دورست بوونی كێشە لە زەینی وەرتێ هات بۆردوومانی خاڵێكی پەكەكەی كرد لەو ناوچەیە، ئامانجی توركیا لەوكاتەدا دروستكردنی شەرێك بوو لەنێوان لایانە ناكۆكەكانی زینی وەرتێ، ئەو ئاماژەیەی كە لە توركیاوە بەبۆردوومان كرا، زۆر روون بوو بۆ پەڵكێشی شەرێكی ناوەخۆی كوردستان بوو، بەڵام رێك هاوشێوەی سیگناڵەكەی توركیا دۆرانكاڵكان هەرەشەی هەڵگیرسانی شەر دەكات ئەمەش لە ئاماژەكانی دا درێژكراوەی هەمان ئامانجە سیاسیەكەیە.

 دۆڕانكاڵكان كێیە و چۆن دەبێت بیناسین؟

دوا بەدوای گیرانی ئۆجەڵان، دۆرانكاڵكان ئەو سەركردە باڵادەستە و یەكڵاكەرەوەی پەكەكەیە كە زۆرێك لە بریارەكانی باكوری كوردستان و توركیا دەدات، ئەو بەرەگەز توركە و خەڵكی ناوچەكانی سەر دەریای رەشە، لەو ناوچەیە كە دۆرانكاڵكان تێیدا لەدایك بووە، ناوەندی فاشیەتی توركییە، كەلتوری فاشستیەتی توركی لە ناوچەی سەردەریای رەشی توركیا دێت، بۆیە هەم لە پەروەردەیان تا گەورە بوونیان لەسەر ئەو بنەمایە گەورە دەبن، خەڵكی ئەو ناوچەیە كە كەوتوونەتە سەر دەریای رەش هەموویان دژە هێزە نەرمەكانی توركیان و بەردەوام لە هەڵبژاردنەكاندا تەنها ئەوەنە دەنگی دەهێنن كە دژە كورد و كوردستانن.

دۆرانكاڵكان لەناو پەكەكە دا زمانی فەرمی ئەو پارتی بەكرمانجی قبوڵ نەكردووە، راپۆرتی سیاسی كردە (توركی) ئەوەش بووە هۆكاری ئەوەی كە لە ئێستادا لەناو پەكەكە دا زمانی فەرمی ئەو پارتە توركیە، هیچ راپۆرتێك بەكرمانجی قبوڵناكرێت، دۆرانكالكان یەكێكە لەو كەسانەی كە لەچوارچێوەی هاوسەنگی دەسەڵاتدارانی و ئۆپزسیۆن و دەوڵەت توركیا و دەوڵەتی قوڵدا شەر بە كورد و پەكەكە دەكات، بەردەوام لەچوارچێوەی بەرژەوەندیەكانی ناو هاوكێشەكانی توركیادا شەڕی كردووە، جگە لەوەش بە پێی ئەو بەڵگەنامە مخابەراتیانەی خراوەتە روو، دۆڕانكاڵكان دەیان لیستی رەشی تاوان ئەنجام داوە، لەدژی رۆژنامەنووس و رۆشەنبیر و پارێزەر  و سیاسەتمەدار لە باكوری كوردستان كە ببونە سەر ئێشە بۆ توركیا، ئەوە جگە لەوە دەیان رۆژنامەنووس و رۆشەنبیر و هونەرمەندی توركی لە چوارچێوەی بەرژەوەندی دەوڵەتی قوڵ كوشتووە ئەمەش لەزاری چەندین سەركردەی جودابووەوەی پەكەكەدا ئاشكرا كراوە”.

مەڵەفی دۆرانكاڵكان مەلەفێكی رووتی دەوڵەتی قوڵی توركیایە، رێگریەكی سەرەكیە لەناو پەكەكە لە رەوتی نەتەوەی كورد و سەربەخۆخوازەكان و رێگا بەكەس نادات ئەدەبیات و فەرهەنگی پارچەكردنی توركیا لەناو پەكەكەدا گەشە پێ بدات، یان لەچوارچێوەی دابەشكاری توركیادا قسە بكات، فاشیەتی توركی بوونی، دۆرانكاڵكان لە پەروەردەی ئەو ناوچەیەی هاتووە كە تێیدا لەدایك بووە كە پێدەگوترێت خەڵكی سەر دەریای رەش.

 

توركیا و دۆڕانكاڵكان چیان دەوێت، بابەتی زەینی وەرتێ بۆچیە؟

دۆڕانكاڵكان لە ئێستادا لەچەقی هەماهەنگی دەوڵەتی قوڵ و ئێرانی شیعەیە، پەیوەندی نێوان دەوڵەتی قوڵی توركیا لەگەڵ ئێران پەیوەندیەكە دوای دروست بوونی كۆماری توركیا دروستبووە بەپێی بەڵگەنامەكان لە رۆژنامەكانی توركیا دا خراوەتەروو، كە هەماهەنگی دەوڵەتی ئێران و توركیا دەكات لەبەرژەوندیە هاوبەشەكاندا، لە ئێستادا دوای راگەیاندنی هێنانی پاتریۆت بۆ سنوری پارێزگای هەولێر لەلایان ئەمریكاوە، ئەمەش بۆتە هۆكاری نارەزایەتی قوڵی دەوڵەتی توركیا و ئێران، بەڵام ئێران لەرێگای میلیشیاكان و توركیاش لەرێگای پەكەكە دوو سیگناڵیاندا، یەكەم هێرشی میلیشاكانی حشدی شەعبی بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی ئەمریكا هەرەشەی چوونە دەرەوەی ئەمریكا لە هەموو عێراق، دووەم هێرشیش هێرش بوو بۆ سەر خاڵەكانی پەكەكە لە زەینی وەرتێ مەخموور، سێهەم جوڵاندنی هێزێكی سەر بە باڵێكی ناو یەكێتی كە پێشتر لە كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەر دا هەماهەنگیان هەبوو لەگەڵ فەیلەقی قودس بۆ رادەستكردی كەركووك،  كۆی ئەم رووداوانە نارەزایەتی ئێران و توركیایە لەمەر هێنانی ئەو دژە مووشەكەی پاتریۆت بۆ هەولێر،  بابەتی رادەستكردنی مستەفا سەلیمی و بابەتی تێوەگڵاندنی پارتی بە تیرۆرستێك لە لیبیا، لەلایان میدیاكانی پەكەكە و یەكێتی، هەموو ئەو ئاماژانە بۆ ئەوە بوون كە بەئاراستەی دژایەتی هێنانی ئەو سیستەمە دژە مووشەكیە بكەنكە ئەمریكا دەوێت لە سنوری پارێزگای هەولێر جێگیری بكات.

 

ئەو هەرەشەی دۆرانكاڵكان بۆچیە؟

پەكەكە كە هێزێكی پارتیزانیە و هیچ سەرەدەرێكی سیاسی لەگەڵ هاوكێشەی سیاسی و هاوسەنگی سیاسی جیهانی دا  نیە، بەردەوام لەهاوكێشە سیاسیەكاندا توركیا وەك هێزێك بۆ بەرژەوەندیەكانی خۆی بەكاری هێناوە لە هاوكێشە نێودەوڵەتیەكان و ناوەخۆیەكاندا، وەك بەكارهێنانی بۆ لەناو بردن و تەسفیەكردنی هەدەپە و پارتی سیاسی لە باكوری كوردستان بەهۆی كوشتنی دوو پۆلیس، وە بەكارهێنانیان لە عەفرین و سەرێ كانی، بۆردوومانەكانی قەندیل بۆ ئەوەی رێگا بگرێت لە بەرهەمی ناوەخۆی هەرێمی كوردستان، تەواوی ئەو مەشهەدە سیاسیە، ئەوە واقیعە ئەنجامەكەی بووە كە ئێستا هاوڵاتیانی كوردستان تێدا دەژین. بەڵام هەرەشەكانی دۆرانكاڵكان دوا هەوڵی توركیایە لەمەر نارەزایەتی دانانی دژە مووشەكی پاتریۆت لە هەرێمی كوردستان دێت، ئەوەی كە توركیا بۆ ماوەی زۆر داوایی كرد ئەمریكا و ناتۆ ئامادە نەبوون بەتوركیا بفرۆشن، لەبەرامبەر دا توركیا لەدژی ناتۆ و ئەمریكا دژە مووشەكی ئێس 300 و 400ی لە رووسیا كری، ئەوە لەكاتێكدا جێگیركردنی ئەو دژە مووشەكە لە هەولێر لەچوارچێوەی پاراستنی بنكە سەربازیەكانی ئەمریكایە، بەڵام دژە مووشەكی پاتریۆت ئەوەندی وەك پاراستن و سیستەمێكی سەربازیە، دوو ئەوەندە پەیامی سیاسی بۆ ئەو جوگرافیایە لەرووی سیاسیەوە پێیە، بۆیە توركیا لەرێگای دۆڕانكاڵكان و ئێران لەرێگای هەم باڵەكانی ناو پەكەكە هەم باڵێكی ناو یەكێتی ئاماژەی هەڵگیرسانی شەری ناوەخۆی دەدەن بەمەش پێشانی ئەمریكا دەدەن كە ئەو ناوچەیە بەهۆی ناكۆكی ناوەخۆ گونجاو نیە بۆ دانانی ئەو دژە مووشەكە.

 

 

Back to top button