دۆخی ناوخۆی یه‌كێتی، ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندیه ئابووریه‌كانی له نێو حزبه‌كه وه‌كو خۆی هێشتۆته

خواكوڕك
راگه‌یانراوه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له مانگی 11ی 2016 له‌باره‌ی ئاشته‌وایی سیاسی و نیشتمانی له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، جارێكی‌تر بووه هۆكاری كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسیه‌كان و خستنه‌ڕووی پێشنیار و بۆچوونه‌كان.
كۆبوونه‌وه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان به‌جیا، بووه هۆكاری ده‌ركه‌وتنی پێشنیار و پرۆژه‌ی به‌شێك له لایه‌نه‌كان له‌باره‌ی گۆڕانكاری له سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی هه‌رێم و به‌رنامه‌ی سیاسی و ئابووری، به‌تایبه‌ت گۆڕان و یه‌كگرتوو، به‌ڵام تا ئێستا پێشنیاری یه‌كێتی به‌ناڕوونی ماوه‌ته‌وه.
به‌شێك له‌چاودێرانی سیاسی پێیانوایه، سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، به‌هه‌ر دوو باڵه‌وه، به‌دوای جۆرێك له لێكتێگه‌یشتنی سیاسی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه له پارتی و گۆڕان ده‌گه‌ڕێت، كه به‌رژه‌وه‌ندیه ئابووریه‌كانی له هه‌ولێر و سلێمانی بپارێزێت.
به‌ڕای چاودێرانه‌وه، هۆكاری نه‌بوونی پرۆژه‌یه‌كی روون و دیاریكراوی یه‌كێتی له‌باره‌ی گۆڕانكاریه‌كانه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌مانی روئیا و ستراتیژیه‌تی یه‌كگرتووی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه و دابه‌ش بوونیان به‌سه‌ر دوو ئایدیا و ئاراسته‌ی جیاواز.
له ئێستادا یه‌كێتی ده‌یه‌وێت، كێشه‌ی گۆڕانكاری له سه‌رۆكایه‌تیه‌كانی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه له‌نێوان پارتی و گۆڕان كۆتایی پێبێت، و به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت خۆی له لایه‌نگیری هه‌ردوو حزب به‌دوور بگرێت،
هۆكاری ئه‌م خۆ به‌دوورگرتنه‌ی یه‌كێتیش، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بێ توانایی سیاسی و نه‌بوونی توانای بڕیاردان، هه‌روه‌ها بوونی مه‌ترسی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه ئابووریه‌كانی له هه‌ولێر و سلێمانی له‌كاتی لایه‌نگیری هه‌ر یه‌كه له گۆڕان و پارتی.