نادیە موراد دژی ئێزیدیەكان بەكار دەهێنرێت
خواكوڕك
پاش ئەوەی نادیە موراد قوربانی جینۆسایدی ئێزدیەكان لەلایان داعش رزگاری دەبێت و لەسەر ئاستی جیهان بە بالیۆزی نیاز پاكی نەتەوە یەكگرتووەكان دەناسێنرێت، كار لەسەر دوو پرۆژە دەكات كە هەردوو پرۆژەكە لەدژی ئێزیدیەكانە، بەگوێرەی زانیاریەكان هیچ یەكێك لە پرۆژەكانی ناكەوێتە بەر خزمەتكردنی ئێزیدیەكان.
بەگوێرەی زانیاریەكانی دەستی خواكوڕك كەوتووە نادیە موراد بە مەبەست بێت یان بە بێ ئاگایی بێت، دوو پرۆژە خستۆتە بەردەم خۆی كە هەردوو پرۆژەكە زیان بە ئێزیدیەكان دەگەێنێت و لەو دوو پرۆژەیەدا، ئێزیدیەكان دەبنە كاڵای ساخكردنەوەی پرۆژەی سیاسی حزبی و ئیقلیمی كە بۆ ئێزیدیەكان لەناو چەكەدا دانراوە.
ناوەندی هەواڵی میدیای جیهانی ئەو پرۆژانەی نادیە موراد ئاشكرادەن كە نادیە موراد پرۆژەی گواستنەوە كۆمەڵگەی ئێزیدی لە كوردستانەوە بۆ ئەوروپای هەیە، كە دەوڵەت بەدەوڵەت بۆ پاڵپشتی ئەو پرۆژەیە كار دەكات و ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزیدیش رای دەگەیەنێت كە تەنیا ئەوان نوێنەرایەتی گوتاری ئێزیدی دەكەن و نیگەرانی خۆیشیان رادەگەیەنن لەو سووكایەتییانەی رێكخراوی “یەزدا، نادیە موراد” لە كۆبوونەوەیەكدا لە نیویۆرك پێی كردوون. داواش لە حكوومەتی هەرێم دەكەن بۆ رێگری لە كۆچی ئێزیدییەكان، بە پەلە ناوچەكانیان ئاوەدان بكاتەوە. هاوكات برایەكی نادیە موراد ئاشكرای دەكات كە خوشكەكەیان داوای لێ كردوون كوردستان بەجێ بێڵن، بەڵام ئەوان “رەتیان كردووەتەوە”.
بەگوێرەی زانیاریەكانی دەستی خواكوڕك كەوتووە نادیە موراد و رێكخراوێك بەناوی یەزدا، لەسەر دوو پرۆژە كار دەكەن كە هەردوو پرۆژەكە دژی ئێزیدیەكانە و لەو بارەیەوە، قەوال بەهزاد ئەندامی ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزیدی رای دەگەیەنێ. دەزانین ئامانجی سەرەكیی ئەو رێكخراوە بە تەنیا كوچكردنی ئێزیدییەكان بۆ دەرەوە نییە، ئەگەر ئامانجی ئەوان راكێشانی هاووڵاتییانی ئێزیدی بێت بۆ دەرەوە، ئەوا ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزیدی قبووڵی ناكات، چونكە ئەوە هیچ خزمەتێك بە ئێزیدخان ناكات بە تایبەتی لەم كاتەدا كە بارودوخی ئێزیدییەكان لە عێراق و كوردستان باش نییە و پێویستیان بە هاوكارییە”.
لەبارەی پەیوەندی كرد بە ئەنجوومەنی روحانی ئێزیدیی و مێری ئێزدی لەلایان نادیە مورادەوە لەبارەی ئاڵوگۆڕی بۆچوون لەسەر پرسەكان تایبەت بە ئێزیدیەكان، قەوال بەهزاد روونی دەكاتەوە “نادیە موراد بۆ هەر كارێك تا ئێستە هیچ پرس و راوێژێكی بە ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزیدی نەكردووە و دڵنیام راوێژ بە میر تەحسین بەگیش ناكات”.
لەلایەكی ترەوە پرۆژەی دووەمی نادیە موراد بەڵارێدا بردنی دۆسیەی جینۆسایدی ئێزیدیەكان و گومان دروست كردنە لەسەر جینۆسایدەكە، كە لەلایان داعشەوە ئەنجامدراوە، بەگوێرەی زانیاریەكانی دەستی خواكوڕك كەوتووە، نادیە موراد، كارەكانی لەسەر دۆسیەی بەجینۆساید ناساندنی كارەساتی شەنگالی بۆ ئامانجی سیاسی و حزبی بەكار دێنێت، لەدژی حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری لەسەر دەكات.
حوزنی موراد برای نادیە موراد كە خاتوونێكی ئێزیدییە و لە دەستی داعش هەڵاتووە و ئێستە باڵوێزی نیازپاكی نەتەوە یەكگرتووەكانە پێشتر بە رۆژنامەی وشەی راگەیاندبوو “نادیە نێزیكەی سێ مانگ لەژێر دەستی داعش مایەوە و دواتر لەژێر دەستیان هەڵاتووە”. حوزنی دووپاتی دەكاتەوە كە ئەو هیچ زانیارییەكی لەبارەی رێكخراوی یەزدا نییە كە دەڵێن بانگەشە بۆ كۆچكردنی هاووڵاتییانی ئێزیدی دەكات.
ئێستە بێسەروبەرییەك بە ئێزیدییەكانەوە دیارە بەو پێیەی میر ماوەی سێ ساڵە نەهاتووەتەوە كوردستان و رێكخراوی یەزدا لە دەرەوە بەناوی ئێزیدییەكان قسە دەكات، لە كاتێكدا ئەنجوومەنی رۆحانی خۆیان بە نوێنەری ئێزیدی دەزانن. جیا لەوەی نادیە موراد وەك كەسایەتییەكی دیاری ئێزیدی دەركەوتووە و بە وڵاتاندا دەگەڕێت و داوای “كۆچ”ی ئێزیدیی لە بەرپرسانی رۆژئاوایی دەكات.
بە گوتەی حوزنی موراد پێشتر نادیەی خوشكی پێی گوتوون فڕۆكەتان بۆ دەنێرم كوچ بكەن بۆ دەرەوە. بەڵام دووپاتی دەكاتەوە “ئێمە رەتمان كردووە كوردستان بەجێ بێڵین، بۆیە لەگەڵ ئەوەش نیم هاووڵاتییانی ئێزیدی كوردستان بەجێ بێڵن و كوچ بكەن بۆ دەرەوە”.
هەر بەگوێرەی زانیاری میدیایی، نادیە موراد لەسەر جینۆسایدی ئیزیدیەكان، باسی داعش ناكات ئەوەندەی كار لەسەر ئەوە دەكات گوایە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو ناوچەیە لە بەرگری كردن لەوان شكەستی هێناوەو ئەمەش وا لە دۆسیەی جینۆسایدی ئێزیدیەكان دەكات، كە تاوانباری راستەقینە كە داعشە، بزر بكرێت لە كێشمەكێشی سیاسی و حزبی بەكار بهێنرێت، لەو بارەیەوە ئەندامێكی جڤاتی روحانی ئێزیدی دەلێت پەكەكە كار لەسەر نادیە دەكات بۆ ئەوەی تاوانی شنگال بەئاراستەی بەرژەوەندی سیاسی خۆی دابەرێت، ئەمەش زیانی زۆری لە دۆسیە راستەقینەكە داوە داوا لە نادیە موراد دەكات پەیوەندی لەگەڵ ئەنجوومەنی روحانی ئێزیدی و میری ئێزیدی هەبێت بۆ ئەوەی نەكەوێتە تەڵەی حزبی و شەخسی بۆ ئەوەی وەك كەرستەیەك بەكار نەهێنرێت دژی ئێزیدیەكان.
ئەو ئەندامەی جڤاتی روحاتی ئێزیدی دەشلێت، نادیە موراد ئاگادار نیە كە چۆن مامەڵە دەكات و ئەزموونی نیە، بۆیە هەندێك لایانی سیاسی یان ئیقلیمی دەیانەوێت بەكاری بهێنن دژی ئێزیدیەكان، چونكە دۆسیەی ئێزیدیەكان هەستیارە، دەیانەوێت لەرێگای ئەو دۆسیە هەستیارە، نەیارانی سیاسی خۆیان پێ لەكەدار بكەن، كە ئەمە كاری ئێمە نیە، بۆیە دەبێت نادیە موراد خۆی بەدوور بگرێت، لەو بەرژەوەندی خوازە سیاسیانە چونكە دواجار بەس ئێزیدیخان زیانمەند دەبێت.