یاسای بووجه‌ی عێراق رێگره‌ له‌به‌رده‌م گه‌شه‌ی ئابووری هه‌رێمی كوردستان

خواكوڕك

دوای رێكه‌وتنی وڵاتانی ئه‌ندام له‌ رێكخراوی ئۆپیك و گه‌وره‌ وڵاتانی دیكه‌ی به‌رهه‌مێنه‌ری نه‌وت، له‌سه‌ر سڕكردنی به‌شێك له‌به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌كانیان و هه‌نارده‌كردنیان بۆ بازاڕه‌كانی جیهان، نرخی نه‌وت به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رز بووه‌ته‌وه‌ و له‌ ئێستاشدا هه‌ر به‌ر میلێك نه‌وتی برێنت له‌سه‌رووی 55 دۆلاره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت.

به‌پێی پێشبینی ئابووری ناسان بۆ ساڵی 2017 ئه‌كه‌ر وڵاتانی به‌رهه‌مهێنی نه‌وت به‌رده‌وام بن له‌ سنورداركردنی هه‌نارده‌ی نه‌وت، ئه‌وا نرخه‌كه‌ له‌ نێوان 50 بۆ 60 دۆلار ده‌بێت له‌كه‌مترین ئاستدا، به‌مشێوه‌یه‌ش هه‌رێم ده‌توانێت نه‌وته‌كه‌ی خۆی له‌سه‌روی 40 دۆلاره‌وه‌ بفرۆشێت.
داهات و نه‌وتی هه‌رێم
وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان له‌ ماوه‌ی رابردوو ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی 2017 ده‌توانێت بڕی 650 تاوه‌كو 800 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رۆژێكدا هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكات، هه‌روه‌ها ده‌شڵێت هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی كوردستان به‌ 10 دۆلار له‌ نرخی جیهانی ده‌فرۆشێت.

به‌شێك له ‌به‌رپرسانی حكومه‌ت رایده‌گه‌ینن، هه‌رێمی كوردستان له‌م ساڵه‌دا ده‌توانێت داهاتی مانگانه‌ی خۆی بۆ سه‌روو 800 ملیۆن دۆلار به‌رزبكاته‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ به‌شێكی زۆر له‌ قه‌رزه‌كانی كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت كۆتاییان پێدێت كه‌ مانگه‌ رێژه‌كه‌ی له‌ نێوان 200 بۆ 250 ملیۆن دۆلاره‌.
رێگریه‌كانی یاسای بووجه‌ی عێراق
به‌پێی یاسای 2017 بووجه‌ی عێراقی، له‌و ماده‌ و بڕگانه‌ی په‌یوه‌سته‌ بووجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان له‌و نه‌وته‌ی هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جه‌یهان ده‌كات رۆژانه‌ بڕی 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی كۆگاكانی حكومه‌تی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ بكات.

رۆژی سێ شه‌مه‌ 3/1/2017 حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وتاری هەفتانەی خۆیدا رایگەیاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و بڕه‌ نه‌وته‌ زیاتر ده‌نێرێت كه‌ له‌ یاسای بووجه‌ی عێراق هاتووه‌، هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، ده‌بێت هه‌رێم پابه‌ند بێت به‌یاسای بووجه‌ی عێراق.

له‌ئه‌گه‌ری سووڕبوونی حكومه‌تی عێراقی بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ناچاربكات له‌و رێژه‌یه‌ی له‌ده‌ستووردا هاتووه‌ زیاتر ره‌وانه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهان نه‌كات، ئه‌وا كێشه‌یه‌كی ئابووری گه‌وره‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌بێت، به‌تایبه‌ت له‌ ئێستادا حكومه‌تی توركیا و عێراق له‌ سه‌روبه‌ندی رێكه‌وتنێكی سیاسی نوێ دان.

Back to top button