رووسیا: بزوێنەری کارەبای بۆ فڕۆکە دروستکرد

میخائیل گۆردین به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌یمانگه‌ی ناوه‌ندی بۆ پێشخستنی بزوێنه‌ری فڕۆكه‌ رایگه‌یاند روسیا یه‌كه‌م جۆری بزوێنه‌ری كاره‌بایی بۆ فڕۆكه‌ی سه‌ربازی په‌ره‌پێداوه‌ و له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌مساڵ تاقیده‌كرێته‌وه‌.

 

له‌ لێدوانێكی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی سپوتنیك، میخائیل گۆردین ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌ ساڵی رابردووه‌وه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و توانیویانه‌ بزوێنه‌رێكی كاره‌بایی به‌ هێزی هه‌شتا ئه‌سپ دروست بكه‌ن و فڕۆكه‌یه‌كی له‌جۆری سیگماچوار به‌ سه‌ركه‌وتوویی پێ بفڕێنن.

هەروەها گوتیشی له‌ ئێستادا توانیویانه‌ كۆنتڕۆڵی بزوێنه‌ری فڕۆكه‌كه‌‌ بكه‌ن و به‌ر له‌ فڕینی، به‌ شه‌حنی كاره‌بایی بارگاوی ده‌كرێته‌وه‌، به‌مه‌ش روسیا ده‌بێته‌ داهێنه‌ری یه‌كه‌م بزوێنه‌ری كاره‌بایی بۆ فرۆكه‌ی سه‌ربازی.

 

دووپاتیشی كرده‌وه‌ تا ساڵی دوو هه‌زار و سی وپێنج ده‌یان فڕۆكه‌ی له‌ جۆری فڕۆكه‌ی سه‌ربازی بچووك و هه‌لیكۆپته‌ر كه‌ توانای هه‌ڵگرتنی چوار تا نۆزده‌ نه‌فه‌ر و چه‌ند موشه‌كێكی كورتهاوێژیان هه‌یه، ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌ست و شوێنی فڕۆكه‌ی ئێستا ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ به‌ وزه‌ی به‌نزین كارده‌كه‌ن

Back to top button