نەوتی خاوی ئەمریكا كڕیاری نەما و بو بە خۆڕایی

 

دوای ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی رابردوو به‌ هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان راگه‌یێندرا، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت به‌ جۆرێك ئه‌مڕۆ نەوتی رۆژئاوای تەکساسیش ریکۆردێکی مێژوویی لە دابەزینی نرخدا تۆمارکرد و بەپێی ئامارەکانی بلوومبێرگ ئێستا هەر بەرمیلێکی بە 13- دۆلار و 98 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.

 

له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی رایگەیاند “لە ماوەی ئەم دواییە كڕیاران تەنیا دوو دۆلاریان لە بەرامبەر یەك بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریكی داوە، پێشبینیش دەكرێت بەهۆی زیادبوونی نەوتی عەمباركراو لە وڵات و زۆری خستنەڕووی لە بازارەكان، نرخی یەك بەرمیل بۆ کەمتر لە سفر دابەزێت”.

 

هاوکات نرخی نەوتی خاوی برێنتیش 6.5% دابەزیوە و بە 26 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت. مایکڵ ماک کارتی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای راوێژکاری CMC لەبارەی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوتی رۆژئاوای تەکساس دەڵێت، ئەوە هێمایەکە بۆ ئەو هەموو نەوت و بەرهەمە نەوتەی کە لە ئەمریکا کۆگاکراوەو لەبەر نەبوونی خواست بەکارناهێنرێت و بووەتە هۆکاری داڕمانی نرخی نەوت.

لە چەند هەفتەی رابردودا نرخی نەوت بە هەموو جۆرەكانیەوە شكست لە دوای شكست تۆمار دەكات، كە نزیكەی 20 ساڵە دۆخی وای بەخۆیەوەنەبینیوە، هۆكاری سەرەكیش بۆ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ دەگەڕێتەوە، كە ژیانی بە تەواوەتی راگرتوە و هیچ داواكارییەك لەسەر كڕینی نەوت نەماوە.

Back to top button