فراكسیۆنی پارتی: داواكارییەكی بۆ حكوومەت بەرز كردەوە

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان راگەیەندراوێک لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ و ئاسانکاری بۆ کاسبکاران، بڵاو دەکاتەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە:‎

داواکارین پەلە بکریت لە دەرکردنی بریاری پیویست لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئاسانکاری و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر کاسبکار و کرێچییەکان کە بە هۆی رێککاری خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا توشی زیان بوون.

‎لای خەڵکی کوردستان ڕوونە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەک پەتایەکی بکوژی جیهانی سەرتاسەری جیهانی گرتەوەو کوردستانیش لێی بێبەش نەبوو.

‎چەندین وڵات بەهەزاران کەسیان لەدەستداو ئەم نەخۆشییە هیلاکی کردن، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ویڕای سنورداری توانا کان و قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت، بەزوویی بەرلەوەی کار لە کاربترازێت هەموو ڕێوشوێنیکی بۆ پاراستنی خەڵکی کوردستان گرتەبەرو بە ماندوو بوون و شەونخوونی و ئارامگرتن و پشوو درێژی هەزاران کارمەندی تەندروستی وپێشمەرگە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ئیداری، توانرا گەلی کوردستان لەم پەتاییە بپارێزی و وا ئاسۆی سەرکەوتن بەسەر ئەم پەتایە لە کوردستانی خۆشەویست دەرکەوتووە. مایەی خۆشحاڵیەکی زۆرە کە دوایین سێ تووشبووی کۆرۆنا لە پارێزگای دھۆک چاکبوونەوەو ئێستا ھیچ تووشبوویەک لە سنوری پارێزگای دھۆک نەماوەو ئومێد دەکەین لە چەند رۆژی داھاتوو ئەو چەند تووشبووەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنوری پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجەش بە تەواوی چاکببنەوە بەمەش ھیچ تووشبوویەک لە ھەرێمی کوردستاندا نەبێت.

‎لێرەوە وەک فراکسیۆنی پارتی سوپاس و دەستخۆشی زۆرمان بۆ هەوڵەکان و سەرپەرشتی راستەوخۆی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان و لیژنەی باڵای رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەین و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی جەنابیان لەم پرسەدا کە بەردەوام لە ئەرکدابوو بۆ بەدواداچوونی ڕێوشوێنەکان بە ڕێک و پێکی، بووە هۆی سەرکەوتنی گەلی کوردستان بەسەر ئەم پەتا جیهانیە.

‎سوپاسی كارمەندانی تەندروستی دەکەین پێشمەرگە ئاسا لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە جەنگان، تیمە ئەمنییەکان و کارمەندە ئیدارییەکان لە ژوورەکانی ئۆپەراسیۆنی پاریزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و قائمقامیەت و ناحییەکان کە شەونخوونییان کێشاو هۆکاری سەرکەوتنمان بوون، سوپاسی تایبەت بۆ پشوو درێژی و پابەندی خەڵکی کوردستان بە ڕێوشوێنەکان و ئارامگرتنییان.

‎دیارە ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ، لە کۆبوونەوەی رۆژی ١ ی ٤ی ٢٠٢٠ تاوتوێی ئەوە کرابوو کە بریارێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە بکرێت، بۆ کار ئاسانی و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاوڵاتییان بە تایبەت لە بابەتی کرێ و رسوماتی خزمەتگوزارییەکان کە حکومەت دابینی دەکات. هەر لەو کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی وەزیران ، لێژنەی یاسایی ئەنجومەن لە سەر راسپاردەی بەرێز سەرۆکی حکومەتی هەرێم راسپێردرابوون بۆ ئامادە کاری بریاری حکومەت لەو بارەیەوە. ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ، وێڕای پشتگیری و دەستخۆشی تەواومان لەم رێککارانەی حکومەت و هەنگاوەکانیان ، کە تەندروستی هاوڵاتیانمانیان کردبووە خاڵی هەرە لە پیشینە ، داواکارین پەلە بکرێت لە دەرکردنی بریاری پیویست لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئاسانکاری و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر کاسبکار و کرێچییەکان کە بە هۆی ریککاری خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا توشی زیان بوون.

‎ لەم رووەشەوە هەر بریار و ریکارێک کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بیگریتە بەر لە رووی کرێی موڵکەکانی حکومەت و کەمکردنەوەی باجەکان بۆ ئەو ماوەیەی کە بە هۆی ریککارەکانی خۆپاریزیەوە ، بارگرانیان بۆ هاولاتیان دروست کردبوو ، پشتیوانی لێدەکەین. هەروەها فراکسیۆنی پارتی پشتیوانی هەر ڕێککار و هەنگاو و راسپاردە و پرۆژە یاسایەکی حکومەت دەکات بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەل کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر ئەو کرێ نشینانەی کە لە موڵکەکانی هاوڵاتیان و کەرتی تایبەتن. هەر وەک چۆن بەرێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتاری پیکهینانی کابینەی نۆیەم لە بەردەم پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند کە خزمەتکاری هاوڵاتیانی کوردستان ئەرکی سەرەکی کابینەی نۆیەمە، بە هەمان شێوە ، هەر پێویستیەکی دیکەی تەشریعی هەبێت دوای بریاری حکومەتی هەرێمی کوردستان کە قازانجی هاوڵاتیانی کاسبکار و کرێچییەکان بێت، ئێمە هاوشان لەگەل فراکسیۆنە بەریزەکانی دیکەی پێکهینەری کابینەی نۆیەم لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی هاوبەش ، درێغی ناکەین لە پەرلەمانی کوردستان بۆ گرتنە بەری ریککارە تەشریعییەکان.

‎خوای گەورە کوردستان بپارێزێت

‎فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان

٢٠٢٠/٤/٢١

Back to top button