داگیرکاری پەکەکە لە سەردەمی کۆرۆنادا

 

‎له‌ ماوه‌ی رابردوو زینی وه‌رتێ بووه‌ جێگای مشتومڕی نێوان هه‌ریه‌كه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان، كۆرۆنا هۆكاری زه‌قكردنه‌وه‌و ده‌رخستنی ئه‌و ناكۆكیانه‌ بوو دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌ت هێزێكی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی بۆ ئه‌و ناچانه‌ نارد كه‌ به‌ قاچاغ خه‌لكێكی پشكنین بۆ نه‌كراوی تێدا ده‌په‌ڕێندرایه‌وه‌.
‎زینی وه‌رتێ ئاست و بڕی سیاسه‌ت و ستراتیژی هه‌ریه‌كه‌ له‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستن و پارتی كرێكارانی كوردستانی ده‌رخست، پێی گوتیشن كه‌ هێشتان له‌ بری قه‌زیەی‌ نه‌ته‌وه‌یی كورد به‌دوای هێشتنه‌وه‌ی پێگه‌ی حزبن، هێشتان مه‌رامه‌ حزبیه‌كان پێشی مه‌رامی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌خرێت، ترسیان له‌ سه‌قامیگری هه‌یه‌، چونكه دواجار ده‌بنه‌ هۆی توانه‌وه‌ی ئه‌وان كه‌ له‌ ژینگه‌یه‌كی فه‌وزه‌ویه‌وه‌ هه‌ڵتۆقیون و هه‌ڵبه‌ت گه‌شه‌ش ده‌كه‌ن.

‎یه‌كێتی پێیوایه‌ به‌ به‌هێزی حكومه‌ت پێگه‌كه‌ی لاواز ده‌بێت بۆیه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هێزێكی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زیرێك له‌ پشكی حزبه‌كه‌ی راسپێردراوه‌ هێزێكی سه‌ربازی حزبی ده‌جولێندرێت، په‌كه‌كه‌ش پێی وایه‌ ئه‌وان بۆ خۆیان هه‌رێم و حكومه‌تێكن و رێگه‌ به‌ جوله‌ی سه‌ربازی ناده‌ن له‌ ناوچه‌یه‌ك كه‌ له‌وانه‌وه‌ نزیكن.

‎دۆران كالكان ده‌لێت په‌كه‌كه‌ پێشتر ناوچه‌ی زینی وه‌رتێی داگیر كردووه‌، وه‌ زینی وه‌رتێ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌منی ستراتیجی په‌كه‌كه‌دایه‌. ئه‌م قسه‌یه‌ی كالكان شایه‌تی دانه‌ بۆ لێدوانه‌كه‌ی نێچرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌ڵێ په‌كه‌كه‌ له‌ باشوری كوردسان هیچ شه‌رعیه‌تێكی نیه‌، ده‌ی ئه‌گه‌ر شه‌رعیه‌تی هه‌بێت مه‌عقوله‌ حزبێك ده‌سته‌واژه‌ی داگیر كردن بۆ خاكی وڵاته‌كه‌ی خۆی به‌كار بهێنێت.

‎كالكان له‌ به‌شی دووه‌می قسه‌كانیدا ده‌ڵێت زینی وه‌رتێ بۆ ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌منی ستراتیژیدایه‌ كه‌وایه‌ ئایدۆلۆژیای په‌كه‌كه‌ بۆ باشوری كوردستان نامۆو هاورده‌كراوه‌، بۆیه‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ی خۆی كار له‌سه‌ر سه‌نگه‌ر به‌ندی و دۆزینه‌وه‌ی خالی پاراستنی ئه‌منی ستراتیجی ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆشی.
‎رامانی كۆی لێدوانه‌كه‌ی كالكان جۆرێك له‌ بێهیوای ده‌به‌خشێته‌وه‌ ئیدی ئه‌و ئومێده‌ی كه‌ ئێمه‌ومانان له‌سه‌ر په‌كه‌كه‌ له‌ باكوری كوردستان هه‌لمان چنیی بوو، بۆ داهاتوو ناكرێت وه‌ها ئومێدێك له‌ لای هیچ كوردێك هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌وه‌تا له‌ بری گۆه‌پانی به‌رفره‌ی باكوری كوردستان، په‌كه‌كه‌ پێچراوه‌ته‌وه‌ نێو ئه‌شكه‌وته‌كان قه‌ندیل و ستراتیجی په‌كه‌كه‌ بۆ باكور كۆتای پێهات و ده‌یه‌وێت وه‌ك هێزێكی چه‌كداری مردوو ئه‌منی ستراتیجی خۆی له‌ زینی وه‌رتێ و له‌ نێو هاووڵاتیانی سڤیل بپارێزرێت.

Back to top button