ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان كۆبووهوهو راگهیێندراوێكی بڵاوكردهوه
ئهمڕۆ به سهر پهرشتی مهسرور بارزانی سهرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و به بەشداربوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئهنجومهنی وهزیران كۆبووهوهو له كۆبوونهوهكهدا چهند تهوهرێك گفتوگۆیان له بارهوه كرا به تایبهت پرسی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێككارهكانی خۆپارزی هاونیشتمانیان له ڤایرۆسهكه.
کۆبوونەکە کە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەنجام درا، له سهرهتادا سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە سوپاسی خۆڕاگریی و پابەندبوونی خەڵکی هەرێمی کوردستانی کرد بە رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان کە خۆشبەختانە کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسەکە قۆناخی زۆر باش وپێشکەوتووی بڕیوە و ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە، بە یەکێک لە سەرکەوتووترین نموونەكانی خۆپارێزیی دادەنرێت لە جیهان، بەڵام هێشتا مەترسیەکانی کۆرۆنا کۆتاییان نەهاتووە و داواکارین لە خەلکی هەرێم بەردەوام بن لە پابەندبوون.
ئەنجومەنی وەزیران جەختیشی لە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی رێکارەکانی خۆپارێزیی کردەوە و قۆناغەکانی ئاسایی کردنەوەی ژیانی خەڵکیش بەردەوام دەبێت کە تا ئێستا پارێزگاکان و ئیدارەکان لەمڕووەوە هەنگاوی باشیان ناوە بە رەچاوکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزیی.
ئەنجومەنی وەزیران پیرۆزبایی لە موسڵمانانی هەرێمی کوردستان دەکات بە بۆنەی هاتنی مانگی پیرۆزی رەمەزان، جەختیشی کردەوە لە پێناوی پاراستنی گیانی ھاووڵاتیان بڕیاردرا کە دەرگای مزگەوت وکڵێسا و شوێنەکانی دیکەی عیبادەت بەداخراوی بمێنێتەوە ھاوشێوەی ناوەندەکانی خوێندن، لەهەمانکاتدا سوپاسی مامۆستایانی ئایینیش دەکات بۆ پابەندبوونیان.
پاشان گفتوگۆ دەربارەی ئەنجامی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی 19-21ی نیسانی 2020 بۆ بەغدا کرا و ئاماژە بەوەدرا کە گفتوگۆکردن لە گەڵ حکومەتی فیدڕاڵی بەردەوامە بۆ ناردنی بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مانگەکانی پێشوو، لە هەمانکاتیشدا حکومەتی هەرێم پابەند بوونی خۆی دووپات دەکاتەوە بەو لەیەکتێگەیشتنە هاوبەشەی کە لە کۆتایی 2019 لە گەڵ وەزارەتەکانی نەوت و دارایی و پلاندانانی عێراق ئەنجامیدا لە چوارچێوەی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2020 کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی ئیلتیزامی نەوتی خۆیی لە بەرامبەر دابینکردنی شایستە داراییەکانی وەک لەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشە هاتووە.
لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان .
دواکەوتنی مووچەش لە دەرەوەی ویستی حکومەتی هەرێمە و هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ لێکەوتە داراییەکانی دابەزینی نرخی نەوت و ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لە کۆرۆنا کە تەواوی جیهانی گرتووەتەوە ، ئەمە سەرەڕای دواکەوتنی تەمویلی بەشە مووچەی هەرێم لە لایەن بەغداوە.
ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکات پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر بە هەرێم و مافە دەستوورییەکانی جێبەجێ بکات و ، لە بەارمبەریشدا هەرێمی کوردستان ئامادەیە پابەندییە دەستووریەکانی خۆی بەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵی بەجێبهێنێت.